سەرەڕای لابردنی بەفەرمی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە هێشتا لە پۆستەکەیدا ماوە

سەرەڕای لابردنی بە نوسراوی فەرمی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە هێشتا لە پۆستەکەیدا ماوە، "سپی" دەقی نوسراوەکە بڵاودەکاتەوە.

بەگوێرەی نوسراوێکی نهێنی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە واژۆی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە و ڕۆژی 4ی تەمموزی 2019 دەرچووە و تایبەت دەست "سپی" کەوتووە "د. تەحسین عەبدول کریم لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لابراوە و لەجێگەی ناوبراو د. دانا عەبدوڵا تاهیر ڕاسپێردراوە بە وەکالەت ئەو پۆستە پڕبکاتەوە و بڕیارەکەش دەبێت لە ماوەی یەک هەفتەدا جێبەجێ بکرێت".

ئەمڕۆ کە هەفتەیەک بەسەر ئەو وادەیە تێپەر دەبێت بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی" کەوتووە تا ئێستا ناوبراو لەکار ترازانی لە پۆستەکەی ئەنجام نەداوە.

پێشتر پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ لە خوێندنی بەکالۆریۆس دابڕاوە و ڕایگەیاند بڕوانامەکەی ساختەیه، بەڵام دواتر زانکۆی هەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە سەرۆکی زانکۆکە وەک سەدان قوتابیی کوردی دیکە، پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان، لە زانکۆی بەغدا وازیهێناوە و لە زانکۆی سەڵاحەدین درێژەی بەخوێندن داوە.



PM:06:02:11/07/2019