"سپی" هۆكاری هێرش بۆ سەر تیمی كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر ئاشكرادەكات

لەسەر ڕووداوی تەقەكردنەكەی شاری هەولێر هەواڵی جیاواز بڵاودەكرێتەوە و "سپی" زانیاری و هۆكاری ڕووداوەكە ئاشكرادەكات.

بەپێی ئەو زانیاریە سەرەتاییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەشاری هەولێرەوە دەست "سپی" كەوتووە "پێناچێت هۆكاری پشت هێرشەكەی سەر تیمی كونسوڵگەری توركیا لە هەولێر پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەبێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە زانیاریە سەرەتاییەكان ئەوەی ئاشكراكردووە كە پێدەچێت بكەری ڕووداوەكە كەسانی ناسراوبن.

ئەوەش لەكاتێكدایە دیار دەنیز، بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پەكەكە بە "سپی" ڕاگەیاند "ئاگاداری ڕووداوی تەقەكردن، كوشتن و برینداربوونی بەرپرسانی كونسڵخانەی توركیا لە شاری هەولێر نین".

هەروەها دەشڵێت "هیچ زانیارییەكمان لەبارەی ڕووداوەكەوە نیە و تەنیا لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستومانە".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ و دوای تێپەڕبونی یەك كاتژمێر بەسەر ڕووداوەكە "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیایی لەزاری سەرچاوەیەكی سەرچاوەیەكی سیاسی باڵاوە كوژرانی بەرپرسێكی باڵای توركیا لە هەولێر ڕاگەیاند.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "ڕووداوەكە لە گەڕەكی عەینكاوای شاری هەولێر بووە و ئەو بەرپرسەی كوژراوە جێگری قونسوڵی توركیایە و دوو كەسی دیكەی قونسوڵخانەكەش كوژراون".

هاوكات پاش چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە ئەردۆغان لەسەر هێرشی سەر كارمەندانی كونسوڵخانەكەی توركیا لە هەولێر هاتە دەنگ و دەڵێت "لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و كاربەدەستانی ناوچەكە لە پەیوەندیداین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران".

هەروەها دەشڵێت "لەخوا داواكارم تاوانباران بەر ڕەحمەتی خۆی بكەوێ".

هاوكات لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی توركیا وێڕای ئیدانەكردنی ھێرشەكە، ئاشكرایكردوە، لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و ھەرێمی كوردستان لە پەیوەندیداین بۆ دەستگیركردنی بكەرانی رووداوەكە.




PM:04:59:17/07/2019