سوپای پاسداران 11 هاووڵاتی هەرێمی كوردستان دەستگیر دەكەن

لە گوندێكی ناحیەی حاجی ئۆمەران سەر بە پارێزگای هەولێر، سوپای پاسداران 11 هاووڵاتییان دەستگیركرد و زیاتر لە 400 سەر مەڕوماڵاتیشیان برد.

فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 15 پاسداری ئێرانی لە سنووری گوندی ئاڵانە زیاتر لە 420 سەر مەڕ ‌و بزنی دانیشتووانی ناوچەكەیان بردووە، لەكاتی هاتنیان تەقەیان لە شوانەكە كردووە و شوانەكەش رایكردووە، دواتر 11 كەسیشیان دەستگیركردووە.

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی باسی لەوەش كرد "پاسەوانی سنوور ‌و پارێزگاری هەولێرمان ئاگاداركردووەتەوە تاوەكو بەدواداچوون لەبارەی ئەم رووداوە بكەن".

لای خۆشیەوە یوسف زرار، خاوەن مەڕ ‌و ماڵاتەكه  رایگەیاند بەیانیی ئەمڕۆ "لە كوێستانی بەردۆ شوانێكم لەگەڵدابوو و لەكاتی لەكاتی لەوەڕاندنی مەڕەكانمان، ژمارەیەك پاسداری ئێران هاتنە دیوی كوردستان و مەڕەكانیان پێش خۆیان خستن و بردنیانن".

یوسف بەمەبەستی وەرگرتنەوەی مەڕ و ماڵاتەكەی چووەتە بەڕێوەبەرایەتی شارۆچكەی حاجی ئۆمەران و نووسراویان بۆ كردووە كە لە رێگەی پاسەوانی سنوور قسە لەگەڵ پاسدارانی ئێران بكرێت و مەڕەكانی وەربگرێتەوە، بەڵام دواتر لەگەڵ چوار برای و چەند كەسێكی دیكە دەستگیركراوە.

هاوكات محەممەد موتەڵیب ئامۆزای یوسف لەبارەی ئەو رووداوەكەوە رایگەیاند "پێنج ئامۆزام بەناوەكانی: یوسف، عەبدوڵڵا، موسا، نوعمان و یاسین زرار لەگەڵ سێ كەسی دیكەش ئەمڕۆ دوای ئەوەی چوون بۆ وەرگرتنەوەی مەڕوماڵاتەكان دەستگیركراون و تائێستا سۆراخیان نییە".



PM:01:59:21/07/2019