قەرەبووی کەسوکارو بریندارانی شەڕی "تیرۆر" دەکرێنەوە

حکومەتی عێراق بڕیایدا قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و کەم ئەندامانی شەڕی " تیرۆر " بکرێتەوە، بۆ هەر خێزانێکی شەهیدیش پارچەیەک زەوی و بڕی ٥٠ ملیۆن دیناری پێدەدرێت.

هەدار بارزانی، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "بەپێی یاسا لیژنەیەكی ناوەندی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراق پێكهاتووە، بڕیاریش درا هەر پارێزگایەك بە هەرێمی كوردستانیشەوە لیژنەیەكی تایبەتی بۆ دابنرێت بۆ قەرەبووكردنەوە و پێدانی سولفە بە قوربانیانی دەستی تیرۆر و لیژنەیەكیش بۆ زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس پێكدێت".

ئەو کە بە " رووداو"ی راگەیاندووە" لە بودجەی ساڵی 2019، ماددەی (5) بڕگەی (ب / 3)، یاسای ژمارە 20 تایبەتە بە قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندان و بڕی 1000 ملیار دینار بۆ هەموو عێراق تەرخان كراوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە".

لە یاساكەدا پلەبەندی بۆ قەرەبووكردنەوەكە كراوە، ئەوانەی كەسوكاری شەهیدن و ئەوانەی كە بە رێژەی 75% تا 100% كەمئەندام بوون بڕی 5 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، ئەوانەی رێژەی كەمئەندامییەكەیان 50% تا 74%ـە، بڕی 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگرن، ئەو كەسانەی كە رێژەی كەمئەندامییەكەیان كەمتر لە 50% بێت بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
هەروەها بەپێی یاساكە كەسوكاری شەهیدان لە وەرگرتنی پارچە زەوییەك و 50 ملیۆن دیناریش وەك سولفەی نیشتەجێبوون سوودمەند دەبن".



AM:09:23:24/07/2019