" ساختەکاری لە پرۆژەی یاسای بوودجە بەقازانجی هەرێم کراوە "

ئەندامێکی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عیراق کە سەر بەدەوڵەتی یاسایە دەڵێت"رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2019 لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ساختەكراوەو واژۆمان لەسەر دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە كردوە".

عالیە نوسێف لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەكۆبونەوەماندا لەگەڵ لیژنەی دارایی و نەوت و وزە واژۆمان كردووە بۆ دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە لەسەر ساختەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2019ی عیراق، بۆئەوەی دەربكەوێت كەی و لە كوێ‌ ساختەكاریەكە كراوە، لە پەرلەمان یان لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران".

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسای مالکی وتیشی "پرۆژەیاساكە، ساختەكراوە و پەڕەیەكی بۆ زیادكرا تایبەت بە هەرێمی كوردستان، بەڵام كۆپیەكی تر هاتە بەردەست ئێمە، كە ئەو دەقە نەبوو، هەروەها كورتهێنانی بودجە بەردەوام زیاد دەكات، چونكە هەرێم پابەند نییە بەرادەستكردنی نەوتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردوەتەوە "، سەرجەم ئەو پارانەی نێردراون بۆ هەرێم بەرەزامەندی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بوە، سەرۆكی دیوانی چاودێری داراییش دانی ناوە بەوەدا، كە رێگەی پێنەدراوە وردەكاری لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمدا بكات".

ئەم رایەی نسیف رای ژمارەیەکی بەرچاو لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقدا هەیە.




PM:09:26:01/08/2019