چاوشئۆغڵو: تاکتیکی خڵەفاندنی ئەمریکا ناخوات

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند ''ئەوەی وتمان تاکتیکی خڵەفاندنی ئەمریکا ناخوات، بەداخەوە لە منبج خڵەفاندنێکی لەو شێوەیان کرد، پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانیانەوە، بەڵام ئەمجارە قبوڵکراو نییە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، چاوشئۆغڵو لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوتا سیرالیۆنییه‌كه‌ی، له‌ ئه‌نقه‌ره‌،  وتی "لەبارەی رێککەوتنی ناوچەی ئارام لەگەڵ ئەمریکا ھێشتا زۆر بابەت ھەیە کە پێویستیان بە وردەکاری ھەیە".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا گرت و رایگه‌یاند، "واشنتن به‌رده‌وامه‌ له‌ پڕچه‌ككردنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌"، كه‌ به‌لای توركیاوه‌ رێكخراوێكی تیرۆریستین و ئەوەش قبوڵکراو نییە، پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات بکرێنە دەرەوە".

 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتیشی "دۆناڵد تره‌مپ به‌ڵێنی به توركیا دابوو، كه‌ ناوچه‌ی ئارام سنووری 32 كیلۆمه‌تر بێت"، دووپاتیشیكرده‌وه‌، وه‌ك چۆن "له‌ منبج ئه‌مه‌ریكا كاتی كوشت و پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بوو، له‌ پرسی ناوچه‌ی ئارامدا هیچ كاتكوشتنێكی ئه‌مه‌ریكا قبوڵ ناكه‌ین".


PM:01:30:15/08/2019