وەزیری په‌روه‌رده‌ هه‌شت بڕیاری نوێی ده‌كرد

وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم ھەشت بڕیاری تایبەت بەو مامۆستایانە دەردەکات کە لە باخچەکانی ساوایان و خوێندنگەو پەیمانگە ناحکومییەکان کار دەکەن.

دەقی بڕیارەکان:

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیھاتنی دادپەروەری لە ئەرک و ماف، ھەروەھا بۆ رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بڕیارماندا بە:

یەکەم- مامۆستای کەرتی گشتی (حکومی) کە میلاکی وەزارەتی پەروەردەیە، تەنھا بە دوو شێواز دەتوانێت لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر یان مامۆستا کار بکات:

١. دەکرێت بەشێوازی خواستن (اعارە) بگوازرێتەوە بۆ (باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان)، ماوەکەیشی نابێت لە (٥) ساڵ زیاتر بێت، تەنھا ڕاژەکەی بۆ ھەژمار دەکرێت و موچەی لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیەوە بۆ خەرج دەکرێت کە کاری تێدا دەکات، پێویستە ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە بەنوسراوی فەرمی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاوە داوای ڕاژەی ئەو مامۆستایە بکات و لاری نەبوون وەربگرێت، بەمەرجێک ڕێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە (٢٠٪)ی میلاکی ھەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومی زیاتر نەبێت.

٢. ڕێگە بە مامۆستای میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەدرێت وانە لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا بڵێتەوە، بەمەرجێک تەواوی بەشە وانەکانی خۆی لە قوتابخانە یان پەیمانگەکەیدا بڵێتەوە، (بەگوێرەی ڕێنماییەکان و کاریگەری لەسەر ئاست و توانای نەکات، ئەمەش دەبێت بەڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا بێت، پاش خستنەڕووی دۆکۆمێنتەکان کە بەشەوانەکانی بەگوێرەی ڕێنماییە بەرکارەکان لە قوتابخانەکەی خۆی بڵێتەوە دەبێت خشتەکانیش ھاوپێچ بن کە (٢٤) بەشەوانە بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی و (٢٢) بەشەوانە بۆ  مامۆستایانی  ئامادەییە)، بەھەمان شێوە نابێت رێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە ھەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومیی لە (٢٠٪) زیاتر بێت.

ئەرکی جێبەجێکردنی (خاڵی یەکەم)ی ئەم فەرمانە راستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێویستە وێنەیەک بەنووسراوی لارینەبوون یان رێگەپێدانی مامۆستایان بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی وەزارەت بکرێت، بەمەبەستی تۆمارکردن و بەدواداچوون.

دووەم- فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەتوانن لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن، بەمەرجێک پاش دەوامی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بێت، بەھیچ جۆرێک رێگەنادرێت لەکاتی دەوامی ئاساییاندا لە کاتژمێر ٨ تاوەکو ٣ کار لەو دامەزراوە ناحکومیانەدا بکەن، یان دەتوانن بەشێوازی خواستن (اعارە) بگوازرێنەوە بۆ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان و راژەکەیان بۆ ھەژمار دەکرێت، مووچەکەیان لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خەرج دەکرێت، یان دەتوانن مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن بۆ ئەو مەبەستە.

سێیەم- فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی و ھۆبەکانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکانن، بۆیان نیە وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەر یان فەرمانبەر یان ھەر سیفەتێکی دیکە، لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا دەوام بکەن، تەنانەت ئەگەر پاش دەوامی ئاسایی خۆیشیان بێت لە فەرمانگەکانیاندا.

چوارەم- نابێت بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (حکومی) وەک بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (ناحکومی) کار بکەن.

پێنجەم- سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆیان نییە وەک دەستەی کارگێڕی یان فەرمانبەر یان مامۆستا یان ھەر سیفەتێکی دیکە لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن.

شەشەم- دەبێت باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەگرنگییەوە بڕواننە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە ھەتا ئێستا وەک مامۆستا و فەرمانبەر دانەمەزراون، بەمەرجێک خولی شیاندن بۆ مامۆستایان بکەنەوە، جگە لە دەرچووانی کۆلیژەکانی پەروەردە و بنیات و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کە خولی شیاندنیان پێویست نییە، ئەرکی کردنەوەی خولەکانی شیاندن دەکەوێتە ئەستۆی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان، بەھەمان شێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بێت.

حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان و لیژنەی باڵای وەزارەت، چاودێری و بەدواداچوونی وردی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە دەکەن، لەبەرئەوە ھەر سەرپێچییەک لەجێبەجێکردنی ئەم فەرمانە ڕووبدات (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە) لەگەڵ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەرپرسیار دەبن.

ھەشتەم: ئەم فەرمانە لەرێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێدەکرێت.

ئالان حەمە ساڵح
 وەزیری پەروەردە
 


PM:05:13:18/08/2019