سەرۆك شارەوانیەكی تری هەدەپە تۆمەتباركراوە بەوەی پروپاگندەی بۆ تیرۆر كردووە

سەرۆكی شارەوانیی قارس داوای یاسایی لەسەر تۆمار كراوە و تۆمەتبارە بەوەی پروپاگندەی بۆ پەكەكە كردووە، دوێنێ بۆ وەرگرتنی ئیفادە چووە بەردەم دادگا.

ئەیهان بیلگەن سەرۆكی شارەوانیی قارس لەسەر لیستی هەدەپە، بە هۆی ئەوەی لە پێگەی خۆی لە تویتەر چەند وتارێكی سیاسی بڵاوكردووەتەوە، داواكاری گشتیی ئەنكەرا دۆسیەی لەسەر كردەوە و تۆمەتباری كرد بەوەی پروپاگندەی بۆ تیرۆر كردووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ئەگەری زۆرە بیلگەنیش بە تۆمەتی ئەوەی پاڵپشتی لە پەكەكە دەكات لە پۆستی سەرۆك شارەوانی دوور بخرێتەوە، لە شوێنی ئەو والی قارس ببێتە سەرۆكی شارەوانی.

هاوکات، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیاو ئەم هەفتەیە  سەرۆك شارەوانییەكانی ئامەد، وان و مێردین لە پۆستەكانیان دوور خرانەوە، كە سەر بە هەدەپە بوون.


PM:01:04:23/08/2019