وردەکاری تەقەکردن لە بارەگایەکی حزبی لە هەولێر بڵاودەکرێتەوە

دوێنێ  ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر باره‌گای  لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراقی و پۆلیسیش دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند.

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند کە بەدوای دەستگیرکردنی کەسەکانی دیکەیشدایە کە بەشداربوون لە پێکهەڵپژانەکەی ناو بارەگای بەرەی تورکمانی عێراق لە هەولێر و رێکاری یاسایی لەبارەی رووداوەکە گیراوەتە بەر.

نووسینگەی راگەیاندنی لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە "کاتژمێر ٠١:٣٠ی ٢٣ی ئەیلوول ٢٠١٩ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کە ژمارەیان پێنج کەس بوو، هەڵیانکوتایە سەر لقی هەولێری بارەگای بەرەی تورکمانی عێراقی و پەلاماری پاسەوانانی بارەگاکەیان داوە. ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە ترستنۆکانەیە دەکەین".

لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق لە بەیاننامەکەدا داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر کردووە بەزووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە و رادەستی دادگایان بکەن تاوەکو سزای تاوانەکەیان وەربگرن.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆماری کامێراکانی بارەگای لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، وردەکاری و چۆنییەتی رووداوەکە بەم شێوەیە بووە:

کاتژمێر ٢٣:٥٤ی ٢٢ی ئەیلوول ٢٠١٩ کەسێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا تاکسی لە بارەگای لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق نزیک دەبێتەوە و ویستوویەتی لەسەر شەقام دەست بە ئاو بگەیەنێت کە رووبەڕووی ناڕەزایەتی پاسەوانان و چەند ئەندامێکی بەرەی تورکمانی دەبێتەوە و دەمەقاڵێ دێتە ئاراوە. کەسەکە بە دەست ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆی ژانی گورچیلەکانی ناچارە دەست بە ئاو بگەیەنێت، بەڵام پاسەوانەکان رێگەی پێ نادەن و دوای مشتومڕێک کە حەوت خولەک دەخایەنێت، شۆفێری تاکسییەکە شوێنەکە بەجێ دەهێڵێت و کاتژمێر ٠٠:٣٩ی ٢٣ی ئەیلوول ٢٠١٩ واتە نزیک بە ٤٠ خولەک دوای مشتومڕەکە جارێکی دیکە شۆفێری تاکسییەکە لەگەڵ کەسێکی دیکە دێنەوە شوێنەکە و ئەمجارە دەمەقاڵییەکە بۆ شەڕی نێوانیان دەگۆڕێت و دیسانەوە شۆفیر تەکسییەکە و کەسەکەی هاوڕێی شوێنەکە بەجێ دەهێڵن. رووداوەکە کاتژمێر ٠١:٠٩ پەرەدەستێنێت، کاتێک چوار چەکدار دێنە ناو بارەگاکە و دەچنە ژوورەوە و لە پاسەوانان و ئەو کەسانە دەدەن کە لە شوێنەکەن و پاشان بارەگەی بەرەی تورکمانی بەجێ دێڵن.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف وتی "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی ھەر چەندە رووداوەکان سیاسیش نەبن و بەرنامە بۆ دارێژراویش نەبن، بەڵام ھاتنیان بۆ ناو باڵەخانەی بەرەی تورکمانی عێراقی دەستدرێژییە و مایەی قبووڵکردن نییە. بەم ھۆیەوە ئیدانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەین. داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکەین کە بەزووترین کات ئەو کەسانە دەستگیر بکەن".


PM:05:42:24/09/2019