بن سەلمان كوشتنی خاشقچی لە ئەستۆگرت

شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەرنامەی "فرونت لاین" لە كەناڵی "PBS"ی ئەمریكی كە رۆژی سێشەممەی داھاتوو پەخش دەكرێت، بۆ یەكەمجار بەرپرسیارێتی خۆی لە تاوانی كوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقجی راگەیاندووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی كەناڵەكە، بن سەلمان رایگەیاندووە "تاوانەكە لە سەردەمی ئیدارەی مندا روویداوە، بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆ دەگرم، لەبەر ئەوەی لەنێو فەرمانگەیەك روویداوە كە لەژێر دەسەڵاتی مندایە"، لەھەمانكاتدا جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی ئەو تاوانە بەبێ ئاگاداری ئەو روویداوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی كەناڵەكە، ئەوە یەكەمجارە جێنشینی سعوودیە باس لە رۆڵی خۆی دەكات لە كوشتنی خاشقجی، ئاماژەی بەوەشكداوە كە پێشكەشكاری بەرنامەكە، مارتن سمیس لە مانگی كانونی یەكەمی رابردوو لە ریاز لە پێشبڕكێیەكی ئۆتۆمبێل چاوی بە بن سەلمان كەوتووە و پرسیاری دەربارەی چۆنێتی روودانی تاوانەكە لێكردووە.

بن سەلمان لەو كاتەدا رایگەیاندووە "٢٠ ملیۆن ھاووڵاتییمان ھەیە ، سێ ملیۆن كەسیان فەرمانبەری حكوومین"، لەسەر ئەوە مارتن سمیس پرسیاری كردووە "ئایا دەتوانن (ئەو فەرمانبەرانەی ئاماژەی پێكردوون) یەك لە فڕۆكەكانت بەكار بھێنن؟ وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو تیمەی كە لە ١٥ كەس پێكھاتوون و تۆمەتبارن بەوەی روویان كردووەتە ئیستانبوڵ بۆ ئەنجامدانی تاوانەكە".

لە وەڵامدا بن سەلمان ووتویەتی "ژمارەیەك بەرپرس و وەزیرمان ھەیە بۆ بەدواداچوونی كاروبارەكان، ئەوان بەرپرسن و دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە"، بەبێ ئاشكراكردنی وردەكاری زیاتر.

جەمال خاشقجی لە دووی تشرینی یەكەمی رابردوو لەناو كۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ كوژرا، ئەوەش نیگەرانی و كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیھانی لێكەوتەوە، لە مانگی تەمووزی رابردووش كۆمیسیاری نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكانی بڵاوكردەوە و تیایدا سعوودیەی بە كوشتنی ئەنقەستی خاشقجی بەرپرسیار كردووە.


PM:01:57:26/09/2019