وابڕیار بوو کە شەوی ڕابردوو ٢٧ ی ئەیلول کۆنسێرتی هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی دیارنەمانی خاوەنی کۆمپانیای ڕێکخەرەکە، کۆنسێرتەکە ئەنجام نەدرا، بەڵام جارێکی تر کۆمپانیای میترۆنۆم پڕۆ دەکشن هەڵدەستێت بە سازکردنی کۆنسێرتی هەردوو هونەرمەند هانی و فرمێسک.
باهۆز نەسرەدین، بەڕێوەبەری کۆمپانیای میترۆنۆم پڕۆدەکشن ڕایگەیاند" وەک ڕێز گرتنێک لە هەردوو هونەرمەند و گۆرانیبێژ هانی و فرمێسک و هاوڵاتیان و هونەرمەندان لە شاری سلێمانی، بڕیارمان داوە کە ئەو کۆنسێرتە جارێکی تر لە هەمان هۆڵ ساز بکەین و خۆمان هۆڵ و میوزیک سیانەکانیش دابین دەکەین، هاوکات ئەو هاوڵاتیانەشی پێشتر بلیتیان کڕیووە، دەتوانن بەشداری بکەنەوە و هەرکەسێکیش دەیەوێت بەشداری بکات دەتوانن بلیت بکڕن".
دوای ئەوەی ھەموو ئامادەکاریەک کرا بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتەکەی ھانی و فرمێسک لە هۆڵی سپی لە سلێمانی کە ئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە بەڕێوەبچێت، چەند ساتێک پێش ئەنجامدانی کۆنسێرتەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆی، کۆنسێرتەکە ھەڵوەشایەوە.
لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ھەزار و 200 بلیت فرۆشرابوو، لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بە رٶهەڵاتیشەوە ھەوادارەکان ئەو دوو هونەرمەندە ئامادەبوون لە بەردەم ھۆڵی کۆنسێرتەکە، بەڵام بەھۆی دیارنەمانی پارەی بلیتەکان کۆنسێرتەکە ھەڵوەشایەوە.