وەزارەتی رۆشنبیری بە دۆکۆمێنتێک " گەندەڵیەکانی " کۆمپانیای مەستی فلم ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات

وەزارەتی رۆشنبیری رای خۆی لە رێگای کتابێکی فەرمیەوە " لەسەر "گەندەڵیەکانی " کۆمپانیاکانی "مەستی فلم " ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و ئەو کۆمپانیایە بە " گەندەڵ" ناوزەد دەکات، پێشنیاریش دەکات ساڵانە ڤیستڤاڵی فلم لە پارێزگایەکی هەرێم بکات، نەک لە ساڵێکدا چەند ڤیستڤاڵێک لە شارەکانی هەرێم بکرێت.

بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی رۆشنبیری کە ژمارەی ٦٣٧١ ی لەسەرەو لە بەراوری ١٧/٩/٢٠١٩ دا دەرچووەو، دانەیەکی دەست " ماڵپەڕی سپی " کەووتووە، ئەو وەزارەتە کۆمپانیای مەستی فلم دەداتە دادگا لەسەر گەندەڵی.

لە نوسراوەکەدا هاتووە" سەبارەت بەگووژمەی داواکراو لەلایەن پارێزگای سلێمانی بۆ چوارەمین ڤیستڤاڵی فلمی نێودەوڵەتی سلێمانی کە کۆمپانیای مەستی فلم ئەنجامی دەدات، ئێمە وەک وەزارەت لەرووی یاساییەوە کێشەی زۆرمان لەگەڵ ئەو کۆمپانییایە هەیە بەم شێوەیەی خوارەوە".

هەروەها لەو دۆکۆمێنتەدا هاتووە" ساڵی پار ٤٣٨ ملیۆن و ٧٧٥ هەزار دینار، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەرگرتووەو پاکتاوی نەکردووە، کێشەکەیان لە دادگایە. وە بڕی ٧٥١ ملیۆن دینار لە پارەی ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی وەرگرتووە، کە یەکەمیان بۆ فلمی " تاقیکردنەوە" لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کە بڕی ٥٠٠ ملیۆنی بۆ خەرجکراوە، تا ئێستا کارەکەیان جێبەجێنەکردووە، دووەمیان درامای " ساتێک بۆ خۆشەویستی " دواتر گۆڕدرا بۆ " کرێچیەکان" کە بڕی ٢٥١ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە کە دەبوایە بەشێوەی ئەقسات وەریبگرتایە، بۆزانینی بەڕێزتان تا ئێستا کارەکە ئەنجام نەدراوە".

لە دۆکۆمێنتەکەدا باس لەوە کراوە کە کۆمپانیای مەستی فلم سەر بە کەرتی تایبەتەو حکومەت بۆ پارەی بۆ خەرج  بکات؟.

هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە کە " فواد جەلال" خاوەنی کۆمپانیای مەستی فلم کارمەندی وەزارەتی رۆشنبیریە، لە رووی یاساییەوە نابێت کارمەندی وەزارەت لەو جۆرە کۆمپانیایەی هەبێت.

 ئەم دۆکۆمێنتە کە دەست سپی کەوتووە، ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کراوە،بۆ زانیاری و رێوشوێن وەرگرتن.

 

 


AM:09:47:30/09/2019