بڕیاردرا ئەو هەرزەکارانەی دەچنە بەردەم خوێندگەی کچان دەستگیربکرێن



بەگوێرەی نوسراوێك كە واژۆی قائیمقامی قەزای سۆرانی لەسەرە، بڕیاردراوە ئەو كوڕە هەرزەكارانەی دەچنە بەردەم خوێندنگەكانی كچان دەستگیربكرێن.

لە نوسراوەکەدا كە واژۆی كرمانج عزەت سلێمان، قائیمقامی قەزای سۆرانی لەسەرە دەلێت" دیاردەیەكی زۆر ناشرینی كۆمەڵایەتی لە سۆران سەریهەڵداوە، ئەویش ئەوەیە لەكاتی دەستپێكردنی دەوامی قوتابخانەكان و تەواوبونیان، لە بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە، هەندێك گەنجی هەرزەكار بە ئۆتۆمبێل و ماتۆرسكیل، ڕێگە بە خوێندكارانی كچان دەگرن و سوكایەتیان پێدەكەن". 
هاوکات لەنوسراوەکەی قائیمقامییەتی قەزای سۆراندا هاتووە: داوا لە پەروەردەی سۆران بكرێت ژمارەی لیژنە هاوبەشەكە بدەنە سەرجەم قوتابخانەكانی سنورەكە بۆ ئەوەی لیژنەكە ئاگاداربكەنەوە و پەیوەندیان پێوە بكەن و وێنەی گەنجە سەرپێچی كارەكانیش بە مۆبایل بگرن و بیدەنە لیژنەكە بۆ گرتنیان و بڕیارەكەش لە سبەی شەممە ٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ جێبەجێ دەكرێت. 


PM:12:14:04/10/2019