تیمی دیپلۆماسی ئەمریكا ڕۆژئاوای كوردستانی جێهێشت

تیمێكی دیپلۆماسیی ئەمریكا ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریای ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی هەسەدەی بەجێهێشت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكا بڵاویكردەوە، ئەركی ئەو تیمە دیپلۆماسییەی ئەمریكا گرتنەبەری رێوشوێن بووە بۆ سەقامگیركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی شەڕڤانان و ئەمڕۆ ئەو ناوچەیەیان جێهێشتووە.

بەوتەی بەرپرسەكەی ئەمریكا، هێشتا هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە سوریا ماون، بەڵام دەستیان كردووە بە قۆناغی یەكەمی كشانەوەكەیان لە سوریا.

دوێنێ مایك ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند كە ئامادەكاری بۆ كشانەوەی هەزار سەربازی ئەمریكا دەكەن كە تائێستا لە سوریا ماونەتەوە، راشیگەیاند كە كشانەوەكە بەوپەڕی وریای و بەشێوەیەكی خێرا دەكەن.
 


PM:02:35:14/10/2019