جەمیل بایەک: تورکیا دەیەوێت کورد لە رۆژئاوا نەمێنێت

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە  ئاشکرایی دەکات " پلانی تورکیا ئەوەیە کورد لە ڕۆژئاوا نەمێنێت. پێویستە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا ئەو ڕاستیە ببینێت. گوێ لە هەندێک لێدوان نەگرێت. بڕوایان بە خۆیان و شەڕڤانەکانیان بێت. تا تورکی داگیرکەر لە سوریا بچێتە دەرەوە دەبێت بەردەوام بن لە سەر بەرخۆدانە بەشەرەفەکەیان. ئەمەیە هێڵە ڕاستەکە".

 
لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان، جەمیل بایەک دەڵێت" پێویستە گەلی کورد و مرۆڤایەتی لە ئامانجی هێرشەکەی داگیرکەری فاشیست تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا باش تێبگەن. ئامانجیان ئەوەیە هەم لە باکوور و هەم لە ڕۆژئاوا گەلی کورد لە سنوور دووربخەنەوە. بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان بەشەکانی کوردستان بچڕێنن. بۆ ئەوەی بتوانن گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکەن و قڕیان بکەن".

 
هاوسەرۆکی کەجەکە داوای لەخەڵکی رۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان دەکات کە پێویستە شار و گوندەکانیان چۆڵ نەکەن و دەڵێت" هەرچەند هاوەن و تۆپیان تێدەگرن باتێیانگرن، چەند کۆمەڵکوژی دەکەن بابیکەن، پێویستە هیچ کەسێک گوند و شار و ماڵەکانیان چۆڵ نەکەن. ئەگەر چۆڵیبکەن واتە خزمەتی سیاسەتی داگیرکەران دەکەن.ئەوان خۆیان تۆپبارانی باکور دەکەن و دەیخەنە ئەستۆی هەسەدە".


ئەو لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر شەڕی دژی داعش، دەڵێت "هەموو کەسێک قەڕزاری گەلی کوردە. لە جێگەی ئەوەی قەڕزەکەیان بدەنەوە چی دەکەن؟ پێچەوانە یارمەتی داعش دەدەن. یارمەتی ئەردۆغان دەدەن. بۆ ئەوەی ئەردۆغان و داعش تۆڵە لە کورد بکەن. دەیانەوێت کۆمەڵکوژی سەر گەلی کورد تەواو بکەن. ئەمریکا چی وت، "پەیوەندی ئێمە لەگەڵ یەپەگە و یەپەژە سیاسی نییە، سەربازیە". هیچ کاتێک پەیوەندی سیاسیان برەوپێنەدا. هیچ کاتێک خۆسەری دیموکراتیکیان قبوڵ نەکرد. هەوڵیاندا شەرڤانانی فیدایی، شەرڤانانی ئازادی بۆ ئامانجەکانی بەکاربهێنن. لە تورکیا کۆبوونەوەیەک کرا. تورکیا و ئێڕان و ڕوسیا. لە ئەنجامدا چییان وت، "ئێمە خۆسەری دیموکراتیک قبوڵ ناکەین، ئێمە ئیرادەیەکی بەو شێوەیە ناناسین".

 
بایک دەشڵێت" دواتر ئەمریکا و تورکیا وتیان، "بۆ سنور هێزێکمان دروست کرد، ئێمە سنور دەپارێزین." بەم شێوەیە دەستیان بە دوریەی هاوبەش کرد. فڕۆکە و ئۆتۆموبیلی ئەمریکا و تورکیا دەوریەیان کرد. دوای چەند ڕۆژ ئەمریکا وتی،"ئێمە سەربازەکانمان دەکشێنینەوە". دوای ئەوەش تورکیا هێرشی کرد. واتە ئەمریکا بە ناوی پاراستنی سنور، بۆ ئەوەی تورکیا بجێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێگەکەی کردەوە. بەم رێککەوتنە ڕێگەکەی کردەوە و ڕەوایەتی بە هێرشەکەی دا. ڕێگەکە داخرا بوو. هیچ ڕەوایەتیەکی تورکیا نەبوو. بەڵام بەو رێککەوتنە ئەمریکا هەم هانی دا و هەم ڕێگەکەی کردەوە".

 


PM:05:59:20/10/2019