سەرۆک وەزیرانی عێراق: دەبێت عێراق ببێتە دەوڵەتی هاوڵاتی و چەک لەدەستی دەوڵەت بێت


شەوی ڕابردوو سەرۆك وەزیرانى عێراق رایگەیاند" دەبێت عێراق ببێتە دەوڵەتی هاوڵاتی و چەک لەدەستی دەوڵەت بێت ، ئێستا وڵاتەكەمان لەبەردەم قەیرانێکی سیستەماتیکدایە کە هێزە سیاسییەکان درکیان پێ نەکردووە بەڵام هاوڵاتیان درکیان پێكردووە".



عادل عەبدولمەهدى، سەرۆك وەزیرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت: لاریمان نیە لە هەڵوەشاندنەوەى حكومەت و هەڵبژاردنى پێشوەخت بەپێى دەستور، هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاری وزاری دوور لە پشک پشکێنە دەکەین و تەئكید لەسەر توانا و سەربەخۆیی وەزیرەکان و ئامادەیی ژنان و گەنجان دەکەینەوە.



لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: ئەو پارانەی دەبڕدرێن لەگەڵ پارەى حکومەت، هاوکار دەبن بۆ دروستکردنی سندوقی بیمەی کۆمەڵایەتی، تاوەکو هیچ عێراقییەک لەژێر هێڵی هەژاریدا نەمێنێت، هەروەها هەنگاوى داهاتوومان کەمکردنەوەی مووچەی بەرپرسەکان و سەرۆکایەتییەکان و پلە تایبەتییەکان و پەرلەمانتاران دەبێت.


عادل عبدولمەهدی ئاماژەى بەوەشكرد" سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیەکی هاوبەشیان ئامادەکردووە بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنی ئاوەدانکردنەوە کە ئێستا لە ئەنجوومەنی دەوڵەتدایە بۆ پێشکێشکردنی بە ئەنجوومەنی نوێنەران لە نزیکترین کاتدا". 

 

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ١١ پارێزگای عێراق، خۆپیشاندانێکی فراوان دژی گەندەڵی و خراپی بارودۆخی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی کار بەرێووە بچێت.





AM:09:08:25/10/2019