دوا ئاماری کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی عێراق ئاشکراکرا

لیژنەی مافەکانی مرۆڤ، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئاماری کوژراو و بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراقی بڵاوکردە و ڕایگەیاند "لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا زیاتر لە 250 کوژراو و 11 هەزار بریندارە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەرشەد سالح، سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەم مانگەی عێراق زیاتر لە 2 هەزارو 500 خۆپیشاندەر دەستبەسەرکراون، و هەزارو 500 کەسیان لە ئێستادا ئازاد کراون.

سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق کرد و وتی: لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا زیاتر لە 250 کوژراو و 11 هەزار بریدارە.

وتیشی، دەبێت حکومەتی عێراق لەوە تێبگات، کە دامەزراوەی حکومی ئێستای عێراق بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات، بەهۆی ئەو سەرپێچیە یاسایانەی کە بەرامبەر خۆپیشانداندەرانی وڵاتەکەیان کردویانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی عێراق دەیەوێت گۆڕانکاری لەیاساکانی هەڵبژاردنی وڵاتەکەیدا بکات، بەتایبەت کە ئەو یاسایانە لەلایەن کۆمەڵێک لایەنی سیاسی دیاریکراودا داڕێژراونەتەوە، ئەم کارەش لەلایەن گەلی عێراقەوە پەسەند نەکراوە و پێویستە گوێ لەویست و داواکاری گەل بگیرێت.

هەروەها رایگەیاند"پێویستە هەوڵبدرێت بەئەنجومەنی دادوەری بۆ ئەوەی دەستبەکاربێت و لایەنە سیاسیەکان لەکارە داوەریەکان دور بخرێنەوە و لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت دەربارەی ئەو سکاڵاو پێشنیازانە بکرێت کە لەلایەن گەلەوە پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری کراوە".

PM:06:04:31/10/2019