پۆلیسی ڕاپەڕین: پیاوێک ژنەکەی بریندار دەکات

لە ناحیەی حاجیاوای دەڤەری راپەڕین ژنێك لەلایەن ھاوسەرەكەیەوە بە گولـلە بریندار كرا و پۆلیسش ڕوونکردنەوە دەدات.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "پاشنیوەڕۆی رۆژی 2019/11/10 ژنێك لە ماڵەكەی خۆی لە ناحیەی حاجیاوا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک لە لایەن هاوسەرەكەیەوە بریندارکرا. دوای ڕووداوی تەقە كردنەكە دەست بەجێ هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی ماكۆك گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، بریندارە كە بەڕێكرا بۆنەخۆشخانە گشتی رانیە و دوای چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانە گەڕایەوە ماڵەوە".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "رێکاری یاسایی گیرایەبەر و بە وتەی ژنەکە رووداوەکە لە کاتێکدابووە لە ماڵەکەی خۆیان لەگەڵ هاوسەرەکەی لەسەر کێشەیەکی نێوان خۆیان لێیان بووە بە دەمەقاڵێ و هاوسەرەکەی دوو فیشەکی تەقاندووە بەر دەستی ژنەکەی کەوتووە".

پۆلیسی راپەڕین ڕاشیگەیاندووە "مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە. کەمێک دوای رووداوی تەقەکردنەکە هاوسەری ژنکە خۆی رادەستی هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک کرد. ژن و مێردەکەش تەمەنیان لەسەروی 18 ساڵە و دانیشتوی ناحیەی حاجیاوان. بە بڕیاری دادوەر هاوسەری ژنەکە بە پێی مادەی 31/405 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیرا و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

PM:01:51:11/11/2019