ئەنجامی كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت و دەستەی پارێزگاكان ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كرایەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەسەر دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاكان كرایەوە. 

هەروەها ئاماژە بە گرنگیی رۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كرا لە چاودێریكردنی جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت بەتایبەتیش لە جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی و بەدامەزراوەییكردن و رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان بە جۆرێك كە هاوسەنگی لە بەرچاو بگیرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە سەرۆكی حكومەت داوای لە ئەنجومەنی پارێزگاكان كرد كە هاوكاری حكوومەت بن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی و بە ئاراستەی نەهێشتنی رۆتین و ئاسانكاریكردن لە راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە كە فەرمانبەرانی حكوومەت لە سەرۆكی حكوومەت و وەزیرەكانەوە تا بچووكترین فەرمانبەر لە دەزگاكانی حكوومەتدا، ئەركیان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە بەبێ جیاوازی، لە هەمانكاتدا پێویستە مافەكانی فەرمانبەرانیش لە بەرچاو بگیرێت.
 


PM:03:05:12/11/2019