حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری لە موچەدا دەكات

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت حكومەتی هەرێم دەیەوێت دەرماڵەی زۆربەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دەرماڵەی خواردنی بەشێكی زۆری هێزە ئەمنییەكان ببڕێت، ئەمەش لە پڕۆژەی چاكسازی مووچەو دەرماڵەو خانەنشینی جێگیركراوە.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لییژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا بەناونیشانی (گەڕانەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچە لەژێر میكیاژی پڕۆژەی چاكسازیدا) لە ئەكاوتنی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە: یەكێك لە خەون و ئامانجە باڵاكەی ئێمە، كە ھەڵبژێدراین بۆ پەرلەمان، ئەوە بوو بتوانین خزمەتێكی زیاترو نەھامەتییەك كەمبكەینەوە و پاشەكەوتی مووچە بگەرێنەوە و شەفافیەت بچەسپێنین لەڕێگەی پڕۆژەیی چاكسازی.

دەشڵێت: بەتایبەت ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو ھەرسێ لایەنی سەرەكی پارتی و گۆڕان لەگەڵ یەكێتی، كە پێكھێنەری سەرەكی كابینەی حكومەتن، لە كارنامەی حكومەت و ھێڵە گشتییەكان ئاماژەی پێكرا.

ئاماژەی بەوەشكردووە "ھەموو پەلەمان بوو، كە پڕۆژەی چاكسازی زوو بێتە پەرلەمان و زوو دەنگی پێبدەین بە جۆرێك بێت چاكسازی لە داھات و خەرجییەكان بكرێت، پڕۆژەكە گشتگیر بێت و ھەموو سێكتەركان بگرێتەوە، بەتایبەت ئەو سێكتەرانەی كە لە رابوردوو و ئێستاش زۆرترین گەندەڵی تێدا دەكرێت".

دەشڵێت "ھەوڵبدرێت شەفافیەت لە نەوت و چاكسازی لە خاڵە گومرگییەكان و پڕۆژەكانی وەبەرھێنان و پڕۆژەكانی ئاودانكردنەوەو رێگاوبان و رێگریكردن لە سپیكردنەوەی پارە و بە دادگاییگەیاندنی ئەوانەی چەكی پارەیان لە بریكارەكان دەكڕیەوە بە نیوەی نرخەكەی لە حكومەت و پارەكەیان بە تەواوتی وەرئەگرت و چەندین ملیۆن دۆلاریان قازانج كرد و بۆ چارەسەری ئەمە چاكسازی لە سێكتەری سیستەمی بانكی بكرێت".

دەشڵێت: دەبوو پڕۆژە چاكسازییە پێشبینیكراوەكە بودجە زەبەلاحەكانی ھەرسێ سەرۆكایەتییەكە نەھێڵێت یان بكرێت بە نیوەی ئێستا، خەرجی مانگانەی میوانخانەكان كەمبكرێیتەوە، ئەمانە ھەموو بەشێك بووە لەو گەندەڵخانەی كە لە پێشوودا دەسەڵاتدارانی حكومەتی ھەرێم كردبووی بە كەلتوور.

باسی لەوەشكردووە "خەڵكی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و ناوخۆ و كارمەند و فەرمانبەرانی حكومی داوای دادپەروەری لە خانەنشینی دەكەن، كە ھیچ نەبێت وەك بەغدا كەمترین مووچەی خانەنشینی 450 بۆ 600 ھەزار دینار بێت و خانەنشینی پلە باڵاكان بۆ نیوە دابەزێت یان ھەر نەمێنیت وەك یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقی لێبكرێت، بۆ ئەوەی دادگەری بگەڕێتەوە بۆ خانەنشینان، "بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە زانیاریمان ھەیە لەسەر پڕۆژەكە، زۆر جیاوازە و لە پای بڕینی مووچە و نیوە مووچە، موچەخۆران چاوەڕێی پاداشت بوون، حكومەت ھاتووە بەناوی پڕۆژەی چاكسازی بڕیاریداوە بە سزادانی خەڵك و مووچەخۆرانی كەرتی گشتی لەڕێگەی بڕینی دەرماڵەی مامۆستا و كارمەندانی زانكۆ و كارمەندانی تەندروستی و لێكۆڵەرەوەی داد و ژمێریاران و وردبینان و تەكنیككاران و فەرمانبەرانی وەزارتی كارەبا، لە پاڵ ئەم توێژانەشدا ھەوڵێك ھەیە بۆ بڕینی دەرماڵەی خواردنی ھێزەكانی پۆلیس و وەزارتی ناوخۆ".

لە كۆتایی نوسیویەتی "ئاخۆ بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم چاكسازییە یان شەفافیەت لە داھاتی نەوت؟ كە سێ ساڵە وەزارتی سامانە سروشتییەكان سەرەڕای زیادبوونی ھەناردەی نەوت بۆ پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و سەرەڕای بەرزبوونەوی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھان، بەڵام بە درێژایی ئەم سێ ساڵە تەنھا 300 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارتی دارایی دەنێرێت كە بریتیە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت، دەكرێت چاكسازی لەم فەزاحەتە بكرێت یان بڕینی دەرماڵەی مامۆستایان؟".


PM:03:16:20/11/2019