ئاماری نوێی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق

دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی شەوی رابردو و ئەمڕۆی چەند شارێکی عێراق بڵاوکرایەوە داوا لە حكومەت دەكرێت بەپەلە دەستوەردان بكات بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە.

كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق  لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، ئەمڕۆ لە هەردوو پارێزگای زیقار و بەسرە ئەوپەڕی توندوتیژیی و روبەڕووبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان رویداوە و بەهۆیەوە لە ئوم قەسر سێ خۆپیشاندەر كوژراون و 87 كەس بریندار بوون و شەش خۆپیشاندەریش دەستگیر كراون.

ئەوەشخراوەتەڕوو،  لە سەر هەر دوو پردی زەیتون و نەسر لە ناوەندی پارێزگای زیقار سێ خۆپیشاندەر كوژراون و 71 كەس بریندار بوون و پێنج خۆپیشاندەریش دەستگیركراون.

كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ داوای لە حكومەت كردوە، دەستوەردانی بەپەلە بكات بۆ وەستاندنی توندوتیژییەكان و هێزە ئەمنییەكانیش دانبەخۆیاندا بگرن و گیانی خۆپیشاندەران بپارێزن.

هەروەك داوای كردوە؛ حكومەت چەند ناوچەیەك دیاری بكات بۆ خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایەتی و پاراستنیان، خۆپیشاندەرانیش دوربكەونەەوە لەهەر روبەڕوبونەوەیەكی هێزە ئەمنییەكان و بیانو بەدەستیانەوە نەدەن بۆ بەكارهێنانی توندوتیژیی.

بەپێی ئەو دیمەنانەی ئەمڕۆی خۆپیشاندانەكانی ئوم قەسر كە لەلایەن چالاكوانانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، هێزە ئەمنییەكان بەتوندی روبەڕوی خۆپیشاندەران دەبنەوەو بەشێوەی راستەوخۆ تەقەیان لێدەكەن.

PM:05:33:24/11/2019