شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەت کۆبووەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و  تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی 2020 تاوتوێ کران..

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکوومەتی هەرێم دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی خستەڕوو. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا قوناغێکی گرنگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن.

شاندەکە ئەو پرنسیپانەی خستەڕوو، کە لە ئەنجامی سەردانەکە گەڵالەبوون و دەبنە بنەمایەك بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بابەتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2020، بە جۆرێك کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان.

شاندەکە دووپاتی کردەوە، پرۆسەی گفتوگۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش لەسەر بابەتەکانی جێی گفتوگۆ و، سبەی دووشەممە 25/11/2019 بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان شاندەکە دەچێتەوە بەغدا.


PM:06:02:24/11/2019