ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رەخنە لە دوو رێنمایی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەگرێت

مەم بورهان قانع، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان رەخنە لە دوو رێمانیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەگرێت و ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت" لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان دەپرسم: پاڵپشت بە چ دەقێكی یاسایی، رێنمایی دەردەكەیت بۆ ئەوەی بەناوی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی رەسەنایەتیی و كولتور و ئامانجەكانی بزوتنەوەی دیموكراتی رزگاریخوازیی كوردستان (كە دەستەواژەگەلێكی هێجگار لاستكیین)، بڕیاردەدەیت (گۆایە پاڵپشت بە دەقی یاسایە و بێئەوەی بینوسیت دەقی كام یاسا ئەو مافەی پێداویت!)".

 

دەقی روونکردنەوەی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ: 


وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، دو رێنمایی بە ژمارەكانی "2749" و "2882" دەركردوە (ئەمی دوایینیان لەساڵی "1999"دا بوە، بەڵام بە فەرمانی وەزاری ژمارە "7067" لە 20/ 11/ 2019 دا جەختی لەسەر كراوەتەوە) و تایبەتن بە داخستنی كەناڵەكانی میدیا و رێگریكردن لە چاپكردنی هەندێ‌ كتێب، كە ژمارەی سپاردن-یان نەبێت! 


ئەم راگەیاندراوە بە پێویست دەزانم:


1- لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان دەپرسم: پاڵپشت بە چ دەقێكی یاسایی، رێنمایی دەردەكەیت بۆ ئەوەی بەناوی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی رەسەنایەتیی و كولتور و ئامانجەكانی بزوتنەوەی دیموكراتی رزگاریخوازیی كوردستان (كە دەستەواژەگەلێكی هێجگار لاستكیین)، بڕیاردەدەیت (گۆیە پاڵپشت بە دەقی یاسایە و بێئەوەی بینوسیت دەقی كام یاسا ئەو مافەی پێداویت!) و رێگا بە وەزیر دەدەیت بۆی هەیە ئەگەر رادیۆ و تەلەڤزیۆنەكان پابەندنەبون، ئەوا بۆتان هەیە بۆ جاری یەكەم كەناڵەكە دابخەن، كە لە 72 كاتژمێر زیاتر نەبێت و بۆ جاری دوەم و لە هەمان ساڵیشدا، دیسانەوە دایدەخەنەوە، بەڵام لە هەفتەیەك زیاتر نەبێت و بۆ جاری سێیەم و لە هەمان ساڵ دا، بۆتان هەیە بەیەكجاریی كەناڵەكە دابخەن و جارێكی دیكەیش بەو ناو و لۆگۆیەوە مۆڵەتی پێنادەنەوە (ئەمە لە چ یاسایەك دا هاتوە و دەسەڵاتی پێبەخشیون؟!).


2- پاڵپشت بە چ دەقێكی یاسایی، هەمان ئەو پاساو و دەستەواژە لاستیكییانەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كردون، ریزدەكەن و دەسەڵات بە وەزارەت دەدەن، ئێوە بڕیاردەرن كە ژمارەی سپاردن بدەنە چ كتێبێك و هۆشداریشتان داوەتە كتێبخانەكان كە كتێب چاپنەكەن، ئەگەر ژمارەی سپاردنی ئێوەی پێوە نەبێت؟!


3-بۆ رێكخستنی كاری میدیایی، ئێمە "یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان/ ژمارە 35ی ساڵی 2007"مان هەیە و هیچ دەسەڵاتێكی لەوجۆرەی نەداوەتە وەزیری رۆشنبیریی و لاوان بۆ داخستنی كەناڵەكان و رێگریكردن لە پێدانی ژمارەی سپاردن و هەر وتار و بابەت و كتێبێكیش بڵاوبكرێتەوە، یان كەناڵێك بابەتێك بڵاوبكاتەوە كە ناوڕزاندن بێت، دەتوانرێت سكاڵای لەدژ بجوڵێنرێت و سزا بدرێت و زیانلێكەوتویش بۆی هەیە بەپێی یاسا، داوای "قەرەبو" بكات، نەك وەزیر دەسەڵات بەخۆی بدات بەداخستنی كەناڵ (كە بەپێی یاسا، سەرۆكی حكومەت-یش ئەم دەسەڵاتەی لە هەرێمی كوردستان دا نییه) و دەسەڵاتی سانسۆركردن و داخستنی كەناڵ لە هەرێمی كوردستان دا، بە دەسەڵاتی راپەڕاندن (حكومەت) نەدراوە.

 

4- لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام دا لەم هەفتەیەدا، وەكو ئەندامێكی پەرلەمان بەدواداچون بۆ ئەم پرسە دەكەم و پرسیاری پەیوەنددار روبەروی وەزیری رۆشنبیریی و لاوان دەكەمەوە و كاریشدەكەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێنماییانە.


مەم بورهان قانع

ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان

 


PM:07:23:29/11/2019