ئەمڕۆ چلەی ماتەمینی ژەنەڕاڵی پایز بوو

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لەشاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شاعیران و نوسەران و هاوڵاتیان چلەی ماتەمینی شاعیر حەمە عومەر عوسمان ناسراو بە ژەنڕاڵی پایز بەڕێوەچوو.

 

محەممەد عومەر عوسمان لە ساڵی ١٩٥٧ لە گەرەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لە دایکبووە. خوێندی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی ھەر لە شاری سلێمانی تەواو کردووە ھەر لەسەرەتای لاوی دەستی بە کتێب خوێندنەوە کردووە لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی کردووە بەنوسینی شعر و بڵاوکردنەوەی. ژەنەڕاڵی پاییز لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئێوارەیەکی پاییزدا لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی ھەڵواسی و گیانی سپارد.

 

محەمەد عومەر عەسمان کۆی بەرهەمەکانی لە دیوانێکەیدا بە ناوی "لە غوربەتا" بڵاو کردۆتەوەو تا ئێستا دوو ماستەر لەسەر شێعرەکانی وەرگیراوە لە چوار نامەی دکتۆرا وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکار هاتووە و تائێستا شێعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندوو وەڕگێڕدراون نازناوی "ژەنەڕاڵی پاییز" بۆخۆی هەڵیبژاردبوو.

 

محەمەد عومەر عوسمان، شاعیر و نوسەری کورد کە بە ژەنەراڵی پایز ناسراوە، ئێوارەی ڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بە مردووی لە ماڵەکەی خۆیدا تەرمەکەی دۆزرایەوە.

 

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی"پاش ئاگادار كردنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس‌و گه‌یشتنی‌ تیمه‌كانی‌ به‌ڵگه‌ی‌ تاوان بۆ شوێنی‌ ڕوداوه‌كه‌، به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، ده‌ركه‌وت كه‌ ناوبراو له‌ڕێی‌ خۆهه‌ڵواسینه‌وه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كۆتایی به‌ژیانی‌ خۆیهێناوه‌".

 

ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی وتەی کەسە نزیکەکانی محەمەد عومەر عوسمان ئەو شاعیرە چەندجارێک هەوڵی خۆکوشتنی داوە و سەرکەوتوو نەبووە.

 



PM:05:00:30/11/2019