ئایا کورد لە هەمواری دەستوور دەترسێت؟

خۆپیشاندانەکانی عێراق تا دێت گرژی و ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەرانیش گۆڕین سیستمی حوکمڕانی عێراق و دەستلەکارکێشانەوەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەیە.

 
 
ئەگەرچی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی کە خۆی لە هەمواری دەستوردا دەبینێتەوە داواکاریەکی سەرەکی خۆپیشاندەرانی ئێستای عێراقە، بەڵام ئەم داواکاریە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە بەهۆیەوە هەردوو لایەنی کورد و سونە لەعێراق پەراوێز بخرێن.

 
شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سەوز پێیوایە مەترسی لە هەمواری دەستووری عێراق دەکەوێتە سەر ئەو ماددانەی کەدەستکاری دەکرێت و هەموار دەکرێت و دەڵێت "ئەگەر ئێمەی کورد ڕێگە بگرین لە دەستکاریکردنی ئەو ماددانەی کە  مافەکانمانی تیادا دەستەبەر کراوە بەو جۆرە هەمواری دەستوور هیچ زیانێک لە کورد نادات".

 
هاوکات ئەو پەرلەمانتارە کوردە پێیوایە بەشێوەیەکی گشتی کورد لەهەمواری دەستوور دەترسێت "تەنانەت لە بەیاننامەی هەموو سەرکردە کوردەکان هەم ئەوەی بەڕێز کاک کۆسرەت هەم ئەوەی مەسعود بارزانی هەم ڕۆشنبیرانی کورد کە نەیانشاردۆتەوە کەبەڵێ پێیان وایە ئەو هەڵمەتەی کە ئێستا هەیە بۆ دەستکاری و هەمواری دەستوور بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەسەڵاتەکانی هەرێم کەم بکەنەوە وە لە پێگەی سیاسی هەرێم بدەن بۆیە بەشێوەیەکی گشتی کورد ترسی هەیە لە هەمواری دەستوور".

 
میرزا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "سپی میدیا" جەختیکردەوە فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەک دەنگن بەو مانایەی هیچ فراکسیۆنێکی کوردستانی ڕێگە بەخۆی نادات دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان هەنگاو بنێت و دەشڵێت "سەرۆک کۆمار کە  پارێزەری دەستوورە دەبێت بەئەرکی خۆی هەستێت و دەبێت ئاگای لەوە بێت نوێنەری کوردیشە لەو پۆستەدا پێویستە گرنگی بە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان بدات، چونکە لەداهاتوودا مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات، ناکرێت سەرۆک کۆمار کورد بێت و دەستکاری دەستوور بەشێوەیەک بێت دژی خەڵکی هەرێم بێت".

 
لە لیژنەی هەمواری دەستودا سێ کورد بوونی هەیە کە هەریەکە لە سەرۆکی فراکسێۆنی پارتی دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دکتۆرە جوان ئیحسان، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، دکتۆر یوسف محەمەد، بەڵام بەپێی لێدوانی خۆیان ئەوانە ئاگادار نەبوون و سەرۆکایەتی پەرلەمان هەستاوە بەدیاریکردن و هەڵبژاردنیان.

 
ئەو پەرلەمانتارە یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوەشکرد کە ئەم سێ کەسە سەرەڕای ئەوەی تایبەتمەند نین بە بواری دەستوری و یاسایی بەڵام دەبێت هەوڵی خۆیان بدەن و پێویستیشیان بەوە دەبێت لیژنەیەک پاڵپشتییان بکات لەدەرەوە بۆئەوەی لەحاڵەتی دەستکاری دەستوور و نەرمی نواندندا ئاگاداربن لەوەی چ بڕگەیەک دەستکاری بکەن وە ئەوان تاچەند نەرمی بنوێنن یانی لەکوێدا مەجالی ئەوەی تێدانییە نەرمی بنوێنن بۆ ئەوەی زیان لەخەڵکی کوردستان نەدات.

 
هاوکات دانا جەزا عەلی کاکە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی پێیوایە کێشەکەی عێراق لەدەستووردا نییە بەپێچەوانەوە دەستووری عێراق دەستورێکی باشە و تیایدا ڕێز لە هاوڵاتی گیراوە و بۆ گەلی کورستانیش شتی باشی تێدایە و جەختدەکاتەوە "گەندەڵی و ناعەدالییەتی و بێکاری و بوونی چەک بە دەستی میلیشاوە ئەو بابەتانەن خەڵک لێی نیگەرانە و ئەوەی ئێمەش لێی نیگەرانین خودی جێبەجێ نەکردنی دەستوورە نەک کێشەکە دەستوور بێت".

 
دەشڵێت: یەکێک لەمەترسییەکان ئەوەیە هەندێک نییەت هەیە کە ئێمە هەستی پێدەکەین کە دەیانەوێت دەسەڵاتی هەرێم کەم بکەنەوە، بەڵکو زیاتر بڕۆن بەرەو ئەوەی هەرێم نەهێڵن و عێراق بکەن بەعێراقێکی مەرکەزی، سیستەمی پارێزگاکان بکرێت بەسیستمی هەرێمی ئەمە یەکێکە لەمەترسییەکان جگە لەوەی کەدەسەڵاتەکان کەمبکەنەوە و لەدەسەڵاتی ئیداری و ئابووریش لەو چوارچێوەیەدا".

 
جەختیشدەکاتەوە کەئێستا پێویستە فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە یەک ژووری عەمەلیات دروستبکەن لەسەر ئەم بابەتە هەنووکەیانەی کەئێستا هەیە و "بگەین بەبڕیارێکی دەستە جەمعی و بەشداربین لەو گۆڕانکارییەی کە ئێستا هەیە وە لە بابەتی دەستور ڕێگری بکەین لەوەی کە شتێک بە ئاڕاستەی سلبی بەسەر هەرێمی کوردستاندا بشکێتەوە، جگە لەوە مادەی 140یش یەکێکە لە مەترسیەکان".

 
هەر لەسەر ئەو پرسە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵ بۆ "سپی" قسەی کرد و وتی: تا ئێستا پەرلەمان یەک لیژنەی دەرکردووە هێشتا هەر کۆبوونەوەی نەکردووە کۆبوونەوە هەرناکات بەم زوانە، بۆیە دەکرێت لایەنە عەرەبەکانیش لەخۆیان بترسن جا نازانم هەموارکردنەوەکە لە چ فەقەرەیەکەوە دەستپێدەکات تا بزانم هەرێم زیان دەکات یان نا.

 
ئەوەش لەکاتێکدایە حاکم شێخ لەتیف، یاساناس و شارەزای دەستوری و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق پێیوایە دەستوری عێراق بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش دەستوورێکی باشە، "بەڵام کێشەی عێراق گەندەڵی و پشکپشکێنەیە نەک دەستوور".

 
جەختیشدەکاتەوە "بە ئەجێندا گۆڕینی دەستوور تێکەڵ بە داواکانی خۆپیشاندەران کراوە، دەستوورەکە هەم مافەکانی خەڵکی عێراقی تێدایە، هەم چەند گرەنتییەکی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەرکردووە".

 
بە وتەی ئەو یاسا ناسە، "داواکاری خۆپیشاندەران رەوایە و مافی خۆیانە، بەڵام ئەوانیش تێوەگلێندراون لە یارییەک  کە بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەیی ئەم دەستوورەی عێراقیان پێ هەزم ناکرێت و وا وێناکراوە لەبەرچاوی خۆپیشاندەران کێشەکانی عێراق دەستوورن".

 
سەبارەت بە رۆڵی سەرۆک کۆماری عێراق، حاکم شێخ لەتیف دەڵێت، سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستوورە و پێویستە بەرگری لەو دەستوورە بکات، بۆ خەڵکی روونبکاتەوە ئەوە دەستوورێکی باشە، لەنێو ئەو گەندەڵییانەی لە عێراق هەن، هەر دەستوورێک بهێندرێت بەو شێوەیە دەبێت. 

 
لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانتارانی کورد دەڵێت: دەبێت ئەوانیش رازی نەبن و بۆ خەڵکی روونبکەنەوە، چونکە هەموارکردنەوەی دەستوور بەپێی ماددەی 142 مەترسیی سەرهەڵدانی رق و کێشمەکێشمی لەنێوان گەلی کورد و عەرەب لێدەکرێت.

 

تێبینی/ دوای بەشداریکردن لە خولێکی رێکخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسین ڕاپۆرتی ئابووری و سیاسی، نوسەر ئەم ڕاپۆرتەی نوسیووە.

 

 

 


PM:10:35:12/12/2019