ئەبوبەكر هەڵەدنی: خۆم کاندید نەکردووە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند" خۆی بۆ ئەندامێتی سەركردایەتی یەكگرتوو كاندید ناكاتەوە لەبەر هەندێك هۆكاری خۆیی و رێگەخۆشكردن بۆ هاتنەپێشی كەسانی دیكە لە وزە و نەوەی نوێ".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە.. 

 

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان

 

بەڕێزان /لیژنەی باڵای ئامادەکردنی کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

 
بەڕێزان /ئەندامانی کۆنگرە

 
بابەت/خۆکاندید نەکردنەوە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی

 
سڵاوێکی برایانەی گەرم


لەگەڵ نزیک بونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەوابڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت،وێڕای دەستخۆشی وپێزانینم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی کەلەسێ خولی ڕابردوودا دەستی ڕێزومنەتیان سەرناین بەدەنگدان پێمان بۆئەندامێتی سەرکردایەتی،لێرەوە سوپاس وپێزانینم دەردەبڕم وداوای گەردن ئازادی دەکەم کە لەئاست چاوەڕوانی ئێوەدا نەبوین وبەلێدوان وهەڵسوکەوت وهەڵوێست وئاکارمان مایەی نیگەرانی ئێوەبوین.

 
وێڕای دەربڕینی پشتیوانی وهاوکاریم بەهەموو توانامانەوە،بۆئەوەی کۆنگرەی هەشتەم بکەینە وێستگەی تۆمارکردنی شانازیەکی مێژوویی شایستە بەمێژوە شکۆدارەکەی وڕێکخستن وکادیرە ماندوونەناس وسەربڵندەکەی ویەکگرتوو بگەڕێنینەوە بۆشاڕێگەی سەرکەوتن و ببێتەوە بەهێزە کاریگەرەکەی گۆڕەپانی کوردستان کە(30) ساڵ لەتەمەنمان لەهەڕەتی گەنجیەتی ولاوێتی بەم کاروانە خۆماڵیەی کوردەواری بەخشی کەبۆ هەتاهەتایە شانازی پێوەدەکەین.

 
لەگەڵ ئەوەی کەخۆم کاندید ناکەمەوە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەبەرهەندێ هۆکاری تابیەت بەخۆم ووەک زەمینە سازی وڕێگا خۆش کردن بۆ هاتنە پێشەوەی ووزەو توانای نوێ کەسوپاس بۆخوا یەکگرتوو لەم سامانە مرۆییەدا زەنگین ودەوڵەمەندەوگەواهی دەدەم کەهیچ هێزێک هێندەی یەکگرتوو خاوەنی پێکهاتەی مرۆیی دڵسۆزونیشتیمان پەروەرونەتەوەپەروەر نی یەو باشترین وپاکترین ولێوەشاوەترین ڕۆڵەکانی گەل ونیشتیمان ڕیزەکانی دەهۆننەوە.

 
ئامادەی هەموو هاوکاری وئەركێکم بۆسەرکەوتنی کۆنگرە بەهەڵبژاردنی ئەمینداروسەرکردایەتیەکی بەهێزو پەیرەو پڕۆگرام وستراتیژێک کەلەئاست ئاڵێنگاریەکانی ئەم قۆناغەو چاوەڕوانی جەماوەردا بێتلەیەکگرتووەکەی خۆیان کە کەم خێزان وگوند وکۆڵان وشار هەیە دەستی خزمەتی یەکگرتووی پێنەگەیشتبێت لەدیرۆکی پڕ لەڕووسوری زیوینی دا.

 

سەرکەوتن بۆکۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووە ئازیزەکەمان.

 
بەرەو پێشەوە بۆ خزمەت کردنی زیاتری کۆمەڵگای کوردەواری.

 
دوبارە داوای لێبوردن وگەردن ئازادی لەهەموان دەکەم،دڵنیام دڵی گەورە وئامێزی پڕسۆزو دەروونی پڕلەمیهرو ئاوەزی پڕ لە ژیری وگیانی لێبوردییتان بایی ئەوەندە هەیە ودەبێت کە چکۆلەیەکی وەک ئێمەمانان ببەخشن.


خزمەتکارتان
ئەبوبەکرهەڵەدنی
14/12/2019



AM:11:00:15/12/2019