بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم دەگاتە بەرزترین ئاست

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێم گەیشتۆتە 3 هەزار و 800 مێگاوات كارەبا، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مێژوی وەزارەتدا.

 
بە گوێرەی راگەیەنراویکی وەزارەتی کارەبا کە وێنەیەکەی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە" و وەزیری كارەبا دەستخۆشی لەستاف و تیمەكانی وەزارەت كرد كە توانیویانە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3800 مێگاوات كارەبا بەرز بكەنەوەو بەشێوەیەكی باش ئەو بڕە كارەبایە بەیەكسانی بگوازنەوە بۆ شارەكان و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی بكەن ، هەرچەندە بەرزبوونەوەی خواست بۆ 6400 مێگاوات كارەبا هۆكاری سەرەكی گرفتەكانی ئەم دواییەی كەمبوونەوەی ماوەكانی پێدانی كارەبا بوو، بەڵام ئێستا بەتێكڕا 11-12 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان دەدرێت".


هەروەها هاتووە "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كۆبوونەوەییەكی فراوانی وەزارەتی كرد، لەو كۆبوونەوەیەدا كە بریكارو راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەباو وتەبێژی وەزارەت ئامادەیبوون؛ وەزیری كارەبا باسی لە گرفت و كێشانە كرد كە لەچەند هەفتەی رابردوودا رووبەرووی سێكتەری بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا بوونەتەوە، هەروەها جەختی لەسەر هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا كردەوە كە بۆ باشكردنی دۆخەكە گیراونەتە بەروو، خۆشحاڵانە توانرا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3800 مێگاوات بەرز بكرێتەوە، ئەمەش بۆ یەكەمین جارە لەمێژووی وەزارەتدا ئەو بڕە كارەبایە بەرهەم دەهێنرێت".


لەبارەی بڕینی كارەبای بەردەوام وەزیری كارەبا رایگەیاند " بەهاوكاری وەزارەتی ناوخۆو پارێزگاكان لەساڵی نوێ هەڵمەتێكی فراوانی بڕینی سەرپێچیەكان و سزادانی سەرپێچیكاران دەست پێ دەكەین و لەو هەڵمەتەشدا بەردەوام دەبین تاوەكو بنبڕی تەواویی سەرپێچیەكان دەكەین، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستانی كرد كە رۆڵیان لە كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا هەبووە، چونكە باشكردنی دۆخی كارەبا جگە لەوەی پەیوەندی بەچەند وەزارەت و فەرمانگەیەكی دیكەشەوە هەیە رۆڵی هاوبەشانی كارەباش گرنگە، بۆ كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆو فشاری سەر محاویلەو تۆڕەكانی كارەبا".


سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی بەشە كارەبای دهۆكیش وەزیری كارەبا رایگەیاند هێڵی گواستنەوەی كارەبای خەبات – زەنگەنان بەدرێژایی 33 كیلۆمەتر و بەتێچوونی 7 ملیۆن و 425 هەزار دۆلار لەتەواوبووندایە و بڕیارە بەفەرمی لە 20 بۆ 25ی ئەم مانگە بكەوێتە كار بەتەواوبوونی ئەم پرۆژەیەش شاری دهۆك بەهاوشێوەی شارەكانی دیكە تەواوی پشكی خۆی لەكارەبا بۆ دەچێت.




PM:08:32:16/12/2019