عەلی حەمە ساڵح: ئەگەر چاکسازییەکان ئەنجامی نەبێت قسەی جدیمان دەبێت و نابینە پاسەوانی دز

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" لەسەر قەبارەی گەندەڵی مانگانەی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠٠ پەڕە بەڵگەنامەمان دەستخستووە بۆ سەلماندنی".


عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە" سێ مانگە بەدواداچونی ورددەکەین بۆ ئەو گەندەڵیە ڕێکخراوانەی کە لە ٢٠ ڕێگاوە لە سەرجەم خاڵە سنوریەکان (ئیبراھیم خەلیل بۆ باشماخ) دەکرێت، چەندین ساڵە ئەم گەندەڵیە بەردەوامەو قەبارەی مانگانەی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلارە، دەستکەوتنی بەڵگەنامەو کارکردن لەسەر ئەم دۆسیانە کارێکی قورس بوو، زیاتر لە ٤٠٠ پەڕە بەڵگەنامەمان دەستخستوە بۆ سەلماندنی.".

وتیشی" ئەم بەیانیە بەدەستکەوتنی چەند بەڵگەنامەیەکی گرنگ، بەتەواوەتی دەتوانین بیسلمێنین چ تاڵانکاریەک رویداوە، لەماوەی ئەم سێ مانگەی کارکردن چەندین دۆسیەی گەندەڵی خاڵە سنوریەکانمان داوە بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی".

 

دەشڵێت" تەنیا لە ژێر ناوی کۆمپانیایەک، مانگانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار وەردەگیرێت، بەرپرس ھەیە چوار مانگە بەھۆی قاچاخی مانگی ھەشت ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت، چەندین کۆمپانیا ھەن بەبێ ھیچ کارێکی ئەوتۆ مانگانە یەک بۆ چوار ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت، کاغەز ھەبوە بە ناوی مەنەفێست بەھاکەی چوار ملیۆ دۆلار بووە، وردو درشتی ڕێگاکانی گەندەڵیمان ئامادەکردوە، ئەم پشوەی سەری ساڵ کۆی ئەم دۆسیانە ڕێکدەخینەوەو کاری ھاوبەشی تێدا دەکەین".

 

ئاماژەی بەوەشکرد"ھەرچەندە فشارو تەکلیفی خاوەن بەرژەوەندیەکان زۆرن، بەڵام بە ویژدانێکی ئاسودەوە ئەرکەکەی خۆمان تەواودەکەین، ئەرکی گرنگ ئەوەیە بڕۆیت و وردو درشتی دیاریبکەیت، قەناعەتی ھاوبەشی بۆ دروستبکەیت بۆ چاککردنی ئەم گەندەڵیە".

 

ڕاشیگەیاند" ھیوادارام ئەم چاکسازیە بگاتە ئەنجام و ھەنگاوێکی ئومێد بەخش دەبێت، بەدڵنیای ئەگەر ئەنجامی نەبێت قسەی جدی دەبێت و نابینە پاسەوانی دز".



PM:02:48:26/12/2019