قەرەیلان: ئاکەپە خاوەنی شەرەفی مرۆڤایەتی نین

موراد قەرەیلان ڕایدەگەیەنێت ئاکەپە " خاوەنی شەرەفی مرۆڤایەتی نین " و لەبارەی دۆخی ناوچەکەشەوە دەڵێت" ئەمریکا زۆر پڕۆژەی ئامادەکرد، لەوانە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، بەڵام سەرنەکەوت و تێکچوو، ئیتر باسیشی ناکەن، لە ئێستادا ڕووسیا بەهەمان ڕێباز هەوڵ دەدات پڕۆژەیەک دروست بکات و لە سەر ئەو بناغەیە دەجوڵێتەوە، ڕووسیا لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ هەرێمەکە پەیوەندیەکی بەهێزی هەیە، ئامانجی ڕووسیا نە تەنها بۆ سوریا، بۆ هەموو ناوچەکەیە".

 

 
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ "ستێرک تی ڤی " ڕایگەیاند " گۆشەگیری سەر سەرۆک عەبدوڵا ئوچ ئالان بەشێک لە سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورکە و، لە ناو جۆرە ئەم سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەدا، ناتوانرێت باسی ئەخلاق، دادپەروەری و مافی مرۆڤ بکرێت."

 

 
ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە سیاسەتی ئاکەپەدا، هیچ شتێک بە ناوی یاسا، ئەخلاق نەماوە و هەر قسەیەکی ئەردۆغان وەک یاسایەکی لێهاتووە.

 

قەرەیلان مانگرتنەکانی لەدژی گۆشەگیری بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، ٦ مانگ دەست بە مانگرتن لە خواردن کراو ٩ کەسی زۆر هێژا لەو قۆناغەدا گیانیان بەختکرد.

قەرەیلان، ڕاشیگەیاند، وەزارەتی دادی تورک بە ناوی دەوڵەتی تورکەوە بەرامبەر ڕای گشتی وتی، "قەدەغەی سەر ئۆجالان هەڵگیراوە"، بەمشێوەیە جارێکیتر بینرا کە بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن و دووڕوو و نامەردن، خاوەنی شەرەفی مرۆڤایەتی نین، بۆ تۆڵەکردنەوە لە مانگرتنەکان، لە ئیمرالی و هەموو زیندانەکان زوڵمێکی گەورە بەڕێوەدەبەن."

 

 
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دەڵێت"ئیتر هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت، بگرێت و پێویستە لەدژی ئەو کردەوانە تێکۆشانێکی جددی بکرێت و وتی: "کاتێک گۆشەگیری و کردەوەکان لە ئیمرالی کۆتاییهات، ئەوکاتە کردەوەکانی ڕژێمی فاشیست کۆتاییان پێدێت، لە ئێستادا سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت، گرنگ ئەوەیە لەدژی ئەو سیاسەتە بەرخۆدان بەردەوام بێت و تێکۆشان گەشبکرێت".

 


PM:01:21:27/12/2019