بەرهەم ساڵح دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا

 سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی (روسیا الیوم)ی ڕاگەیاند" ئەمڕۆ شەممە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری سلێمانی بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد".

 

سەرچاوەکە وتیشی" سەرۆك كار لەسەر كۆتایی هێنان بە دۆسێی ڕاسپاردنی سەرۆكی حكومەت دەكات، لەگەڵ دەستكردنەوە بە كاری خۆی لە سەرۆكایەتی كۆمار".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە بەرهەم ساڵح نامایەکی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد، سەرەڕای رەتکردنەوەی راسپاردنی ئەسعەد عیدانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئامادەیی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەربڕی.

 

لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆماری عیراقدا هاتبوو" ئەم هەڵوێستە شەرمنەی لەبارەی كاندیدكردنی كەسێكەوە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران هەیە لەئێستادا، بە خۆدزینەوەیە لە دەقە دەستورییەكان دادەنرێت، بۆیە ئامادەیی خۆم بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار دەردەبڕم لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمان، تا بۆخۆیان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیان وەك نوێنەرانی گەل بڕیاربدەن لەوەی كە چی گونجاوە، چونكە دڵنییان لەوەی هیچ پێگە و پۆستێك سودی نییە گەر لە خزمەتی خەڵكدا نەبێت و نەبێتە مایەی زامنكردنی مافەكانیان".



PM:02:43:28/12/2019