سەرنووسەری سپی میدیا وەڵامی ماڵپەڕی " باس"ی دەزگای پاراستن دەداتەوە

دوای ئەوەی ماڵپەڕی " باس "ی سەر بەدەزگای پاراستن تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ ماڵپەڕی " سپی میدیا " کە سەر بە " لاهوری شێخ جەنگیە و هەواڵگریی وڵاتێکی ئیقلیمییش ئاراستە و رێنوێنیی دەکات"، شوان محەمەد سەرنووسەری ماڵپەڕی سپی میدیا وەڵامی ماڵپەڕی  " باس " دەداتەوە..

دەقی نووسینە کورتەکە..

 
چەند سەرقەڵەمێک بۆ ماڵپەڕی " باسی "ی دەزگای پاراستن..

 
نزیکەی ٢٧ ساڵ زیاترە کاری میدیای دەکەم، ماوەی پێنج ساڵ بەرپرسی تەلەفزیۆن و رادیۆی حیزبی شیوعی بووم لە سلێمانی لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی، دواتر ماوەی شەش ساڵ بەرپرسی ژووری هەواڵ و سیاسەتی رۆژنامەی هاوڵاتی بووم، نزیکەی ٧ ساڵیش جێگری سەرنوسەرو سەرنوسەی رۆژنامەی ئاوێنە بووم، وا ماوەی ٧ ساڵێشە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری "گۆڤار و ماڵپەڕی سپی میدیا و ئایپی تیڤی سپی"م، زۆر جار خۆم و ئەو میدیایەی کارم تیاکردووە رووبەڕووی هێرشی جەستەیی و داوای یاسایی تۆمارکردن و هێرشی میدیا بووینەتەوە، بەپلەی یەکەمیش لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی و میدیا سیخوڕەکانیانەوە بووە، ئەگەر بەبیرمدا بێت کەمجار وەڵامم داونەتەوە، ئەمەی ئەمڕۆش وەڵام نییە، تەنها چەند سەرەقەڵەمێکە بۆ بەرچاو روونی خوێنەر و دۆستانی میدیای ئەهلی و ئازاد، دوێنێ ٢٩ ی کانوونی یەکەم ماڵپەڕە سیخوڕیەکەی " باس " ناوی ماڵپەڕی " سپی میدیا "ی بۆ وەزنی هۆنراوە ناشیرینەکانی خستۆتە ریزی چەند میدیایەکی ترەوە کە گوایە سەر بە لاهوری شێخ جەنگیە، من لێرەوە وەک خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری سپی میدیا بۆ ئێوەو رای گشتیشی بڵاودەکەمەوە کە سەری "سپی میدیا" و ستافەکە لە پیرەمەگروون بەرزترە، ئەوە ئێوەن پارە لە دەزگا سیخوڕیەکانی پارتی وەردەگرن کە هاوشێوەی ئەو میدیایەی ئێوەش لە سلێمانیش هەیە کە پارە لە دەزگا سیخوڕیەکانی یەکێتی وەردەگرن.. ئێوە دەتانەوێت لەم کوردستانە هەموو شتێک ناشیرین بکەن رۆژێک بە میدیا ئەهلی دەوەڕن و، رۆژێکی تریش دەتانەوێت رۆشنبیرێکی جدی وەک مەریوانی وریا قانع و چەند رۆشنبیرێکی دی کە لە پەنجەی دەست تێناپەڕن، ناشیرین بکەن.. 

 
برادەرانی "باس" ئەوە ئێوەن تێکڕای خەرجیەکانتان لە ماڵ و موڵکی گشتی لە رێگای دەزگا سیخوڕیەکانی حیزبەکاتەنەوە دابین دەکەن.. ئەوە " سپی " میدیا نییە. دەمەوێت ئەوەشتان پێ بڵم کە بە لورەی گوورگ مانگەشە لێڵ نابێت.. مەبەستیشمە ئەوەش بۆ خەڵکی کوردستان روونبێت " سپی میدیا " دەزگایەکی سەربەخۆیەوەو هەرواش دەمێنێتەوە کاتێکیش کە توانای مادی و رۆژنامەوانیمان نەما بەڕێوەی بەرین.. ئەو دەمە سەر بەرزانە دایدەخەیەن و دڵنیابن نایخەینە ژێر دەستی حیزب و بەرپرسانی حیزب و، ژێر دەسەڵاتی دەزگای زانیاری و پاراستنەوە، سەبارەت بە "پەیوەندی ئێمەو دەزگا سیخوڕەکانی ئێران و تورکیا"، وەک ئێوە باسی دەکەن، لەوەشدا سەرتان دای لەبەرد، ئەوە ئێوەن میدیا سێبەرەکانی هەردوو حیزب و خودی حیزبەکانتان سەرو سەوداتان لەگەڵ میت و ئیتلاعاتدا هەیە.. ئێمەو مانان هەر بوێری ئەوەش ناکەین بچینە ئێران و تورکیاش.

 
شوان محەمەد سەرنوسەری سپی میدیا
٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ 


 

 


PM:08:42:30/12/2019