" هەشت کەس لە شارۆچکەی سارمینی ئیدلب کوژراون "

دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە لە یەکەم خولەکی ساڵی نوێدا، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردومانی چڕی ناوەندی شاری ئیدلبیان کرد، ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاماری کوژراوەکان ڕاگەیەندرا کە هەشت كەس لە شارۆچكەی سارمینی ئیدلب كوژراون.

 

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دانیشتوان و گەواهدەران لە ئیدلب ڕایگەیاند" هەشت كەس لە شارۆچكەی سارمینی ئیدلب كوژراون، کە قوربانییەكان بریتین لە ٥ منداڵ و ١٦ كەسیش بریندار بوون".

 

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن" موشەکەکانی سوریا بەر خوێندنگایەک کەوتوون کە ئێستا بۆتە شوێنی ژیانی چەند خێزانێکی ئاوارەی ئیدلب".

 

سارمین یەکێکە لەو شارۆچکەو گوندانەی ئیدلب کە بۆتە ئامانجی هێرشە توندەکانی فڕۆکە ڕوسیاییەکان و تانکەکانی حکومەتی سوریا.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ ئاژانسى ئانادۆڵ بڵاویكرده‌وه‌، بۆردومانکردنی ناوچەکانی پارێزگای ئیدلب لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەردەوامە و، لە یەکەم خولەکی ساڵی نوێدا، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردومانێکی چڕی ناوەندی شاری ئیدلبیان کرد.

 

هاوکات سەرۆكی ئەمەریكا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕابوردوو هۆشداری دژی كوشتنی خەڵكی مەدنی لە هەرێمی ئیدلبی دایە ڕوسیا، سوریا و ئێران.



AM:10:44:02/01/2020