گه‌نجێكی كورد به‌ ده‌ستڕێژی گوللـه‌ی سوپای پاسداران كوژرا

لە ڕاگەیەندراوێکدا رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند" لاوێکی کوردی خەڵکی دێولان کە بە مەبەستی چوون بۆ هەرێمی کوردستان چوبووە سنوورەکانی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران دراوەتە بەر دەستڕێژی گولە و کوژراوە".

 

رێكخراوى هەنگاو بۆ مافى مرۆڤ كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ چاودێرى ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌ خۆرهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" ڕۆژی چوارشەممە گەنجێکی  خەڵکی گوندی "سیس" سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنە بە ناوی "نادر کەریمی" لەکاتی ڕۆشتن بۆ هەرێمی کوردستان و  لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە".

 

هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی ئەو گەنجە بە هەنگاوی ڕاگەیاند" نادر لە کاتی چوون  بۆ هەرێمی کوردستان و لە سنوورەکانی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە ئامانج و کوژراوە".

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" نادر کەریمی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و دوای گەڕانەوە بۆ ماوەی چەند مانگ دەستبەسەر کرابوو".

 

هەنگاو دەشڵێت" ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی نادر کەریمی ڕۆژی پێنج شەممە لە گوندەکە خۆیان واتە گوندی ”سیس“ بەڕێوە چووە".

 

 

 

 



PM:01:26:04/01/2020