وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێكی نوێی دەركرد

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ماوه‌ی پێشه‌شكردنی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆراى درێژكرده‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى پلانى ئاماده‌كراویش كورسى تایبه‌ت بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ته‌رخانكرا.

 

سەرتیپ خالص، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا بۆ وێبسایتی وەزارەتی رایگەیاند" ئەمڕۆ ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پڕۆسەی پێشەشكردنی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەك ساڵە و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد".


وتیشی" لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی یەك ساڵە و ماستەر و دكتۆرا، لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز (د. ئارام محمد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەت، وەزارەتەكەمان پێداچونەوەی بە كورسیەكانی گشتی كرد كە شێوازی خوێندنەكە بەخۆڕاییە، بۆ ئەمەش ژمارەیەكی بەرچاو لە كورسی تەرخانكراوی گشتی بۆ فەرمانبەرانی دامەزراو بەشێوەی هەمیشەیی لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادكران، بەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ پێشكەشكارانی دامەزراو دەڕەخسێت".


بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان دەشڵێت" لە كۆبونەوەی ڕابردوی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا لەبەرامبەر خەبات و قوربانیدانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بۆ پێدانی دەرفەت و ڕەخساندنی هەلی زیاتر، كەسوكاری پلە (١) یەكی شەهیدو ئەنفالكراوەكان (هاوسەر، كوڕ و كچ)، ئەگەر سەرجەم مەرجەكانی پێشكەشكردنی خوێندنی ماستەرو دكتۆرای تێدا بێت و، لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت، لەدەرەوەی پلان، كورسی خوێندنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت".


سەرتیپ خالص ئاماژەی بەوەشکرد" ژمارەیەك كورسی دیكەی خوێندنی باڵا/ ماستەرو دكتۆرا بۆ فەرمانبەرو مامۆستایانی میلاكی هەمیشەیی زانكۆی كەركوك و پەیمانگەی كەركوك تەرخاندەكرێت، كە دەتوانن لە زانكۆكانی كوردستان پێشكەشی كورسیە تەرخانكراوەكان بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پشتگیری لە نوسینگەی وەزارەتەكەمان لەشاری كەركوك هاوپێچ بكات لە كاتی پێشكەشكردن".


بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند" لە پێناو دروستكردنی دەرفەتی زیاتر بۆ پێشكەشكاران و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پرۆسەی پێشكەشكردن درێژ دەكرێتەوە، بەمەش گۆڕانكاری بەسەر ماوەی پێشكەشكردن دا دێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
 
- ماوەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا: لە (5-1-2020 تا 26-1-2020) بەردەوام دەبێت.
- تاقیكردنەوەی توانستی زانستی: رێكەوتی (2-2-2020).
 
هەر لە لێدوانەكەیدا سەرتیب خالص: ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ئەمڕۆ پلان و ژمارەی كورسی خوێندن لە گشت بەش و پسپۆرییەكانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی یەك ساڵە و ماستەر و دكتۆرا لە لایەن وەزارەتەوە بە پەسەندكراوی بۆ زانكۆكان نێردراو لەلایەن زانكۆكانیش بڵاودەكرێتەوە.


جێگەی ئاماژەیە لە بەشێك لە زانكۆكان پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ دبلۆی باڵاو ماستەر و دكتۆرا بەشێوەی ئۆنڵاین دەبێت، بەمەش پێشكەشكاران دەتوانن لەڕێگەی وێسب سایتی ئەو زانكۆیانە داواكاری بە ئۆنڵاین پێشكەش بكەن.



PM:04:15:05/01/2020