یەکێتی: تۆ بڵێی راگەیاندنی پارتی بەڕاستیان بێ

وتەبێژی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشمانیی كوردستان لەبارەی راگەیەنراوی وتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە‌و رایدەگەیەنێت " تۆ بڵێی راگەیاندنی پارتی بەڕاستیان بێ؟!".

لەڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی پارتیدا هاتووە،  ماوەیەكە هەردوو راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەموو سنوورەكانیان بەزاندووە لە هێرشكردنە سەر پارتی. هەروەها هێرشەكانی بۆ سەر پارتی بە "ناڕەوا و دوور لە ئیتیك و ئەخلاقی رۆژنامەگەری" لەقەڵەم دابوو. لە بەرامبەردا مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیدا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "راگەیاندنی پارتی، ئەوەی لە كەركوك و خانەقین و گەلێ ناوچەی تر پێش هەڵبژاردن و لە سێ مانگی رابوردودا بە یەكێتی كردووە، لایەنی كەمی رەوشتی رۆشنبیری و رەوشتی رۆژنامەگەری لەبەرچاو نەگرتووە".

دەقی راگەیەنراوەكە :

رۆژی 24-4-2014 دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، راگەیاندنێكی سەبارەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەركردووە، كە جێی داخە راگەیاندنی یەكێتی و گۆڕانی داوەتە بەر تیرێكەوە، لەم بارەیەوە، ئێمە دەمانەوێت بۆ رای گشتی رابگەیەنین كە: جارێ با ئەوە رونبێتەوە كە راگەیاندنی پارتی، ئەوەی لە كەركوك و خانەقین و گەلێ ناوچەی تر پێش هەڵبژاردن و لە سێ مانگی رابوردودا بە یەكێتی كردووە، لایەنی كەمی رەوشتی رۆشنبیری و رەوشتی رۆژنامەگەری لەبەرچاو نەگرتووە! پاشان لەسەر ناوەرۆكی راگەیاندراوەكەی راگەیاندنی پارتی دەڵێین:
1- راگەیاندنەكەی پارتی دەڵێ: راگەیاندنی یەكێتی سنوری ئیتیك و ئەخلاقی بەزاندووە. با بزانرێ كە راگەیاندنی یەكێتی بە هەموو بەڵگە و بڵاوكراوەكانی لایەتی، دەیسەلمێنێت كە نەك هەر سنووری ئیتیك و ئەخلاقی رۆژنامەوانیی نەبەزاندووە، بەڵكو بەوردی پابەندیی بووە، تەنانەت لەو كاتەی غەدرێكی بەرچاو لە یەكێتی كراوە بە ڕێكەوتنی  گۆڕان – پارتی، كە پێچەوانەی دروشم و بڕیارو سیاسەتی یەكێتییە بۆ حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانی و هاوسەنگی سیاسیی و ئیداریی، هەروەها كتومت پێچەوانەی سیاسەتی پارتی و گۆڕانیش بوو، بەردەوام راگەیاندنی یەكێتی پابەندی ئەو ئیتیكە بووە، رەچاونەكردنی ئەم راستییە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی یەكێتی، بەڵگەی ئەوەیە شارەزایانی بواری راگەیاندنی پارتی، جگە لە جێبەجێكردنی بڕیاری سەركردایەتی حزبەكەیان، بەداخەوە هیچ دیقەتێكیان لە چاودێریكردنی سیاسەتی راگەیاندنی یەكێتی لەم هەڵبژاردنە بەكار نەهێناوە.
 2- تێناگەین مەبەستی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی چییە لە بەكارهێنانی دەستەواژەی (چرچ هەڵگەڕاو) یان (نووسینی بێ سەروبەر)، یان (بابەتی هەستیاری لە گریس دەرنەهاتوو)؟ ئەگەر مەبەستیان راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردسان بێت، ئەوا ئێمە لەخۆمان دڵنیاین، لەیەكێتی دڵنیاین، لە قوربانییەكانی یەكێتی و دەستكەوتە بەدیهێنراوەكانی یەكێتی دڵنیاین، لە سیاسەتی راست و دروستی یەكێتی لە ئاست رووداوەكانی ناوچەكەو عیراق و كوردستانی باشوور و بەشەكانی كوردستان و لە سیاسەتمان بۆ كوردستانێتی كەركوك دڵنیاین، بۆیە بەشبەحاڵی راگەیاندنی یەكێتی، بێباكین لە وتنی راستییەكان. سەبارەت بە ڕاگەیاندنی گۆڕانیش ئەوا دڵنیاین پارتی بە هۆی رێكەوتنی تازەیان لەگەڵ گۆڕان، شتێكی ئەوتۆ راستەوخۆ دژیان ناڵێن كە گۆڕانی تازە هاوپەیمان نیگەران بكات.
 3- سەبارەت بەوەی گوایە راگەیاندنی یەكێتی وا رەفتار دەكات كە یەكێتی لەدەسەڵات نەبووبێت، وەك لەڕاگەیاندنی وتەبێژی راگەیاندنی پارتیدا هاتووە، ئەوا كوتومت پێچەوانەی ئەم قسەیە راستە، راگەیاندنی یەكێتی لە 25 رۆژی رەبەقی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، لەدەستپێكەوە، بەژمارەو ئامار بەرنامە لەسەر خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێم پێشكەش دەكات، شانازی بە هەموو كارە چاكەكانی حكومەتی هەرێمەوە دەكەین، نەك تا ئێستا، بەڵكو ئەگەر نەشچینە ناو كابینەی هەشتەمیشەوە، هەمیشە شانازی بەو كارە چاكانەوە دەكەین كە ئەنجامدراون و هەر كارێكی چاكی تریش ئەنجامبدرێت، پشتیوانی لێ دەكەین، سیاسەتمان وا دەبێ كە بە رەش دەڵێین رەش و بەسپی دەڵێین سپی و هەموو رەنگەكان وەك خۆی دەبینین.
 4- دەربارەی ئەوەی كە گۆڕان لەمەوبەر هەرچیەكیان بەهەردوو حزبی دەسەڵات (یەكێتی و پارتی) وتووە، گوایە راگەیاندنی یەكێتی دووبارە و سێبارەیان دەكاتەوە، ئەمەیان خاڵێكی سەیرە، تۆبڵێی راگەیاندنی پارتی ئەمەیان بەراست بێ؟! ئاخر ئێمە پەیتا پەیتا بە فاسیلەو بە ریكلام و بە وێنە، سیاسەتی چەواشەكارانەی گۆڕان بەدرۆ دەخەینەوە، كە بەحكومەتی هەردوولامانیان دەوت، كەچی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، بۆئەوەی رەخنە ئاڕاستەی گۆڕان نەكەن، لەمبارەوە راگەیاندنی یەكێتیش دەئاڵێننە راگەیاندنی گۆڕانەوە.
 5- سەبارەت بەخاڵی روخاندنی دیواری ترسی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانیش، لێرەدا، تانە لە جەنابی مام جەلال دەگرن، دونیای سیاسەت سەیرە! دەزگای رۆشنبیری پارتی قەت نابێ ئەوەی لەبیر بچێتەوە كە یەكێتی لە ساڵی 1982-ەوە دروشمی (مافی چارەی خۆنووسین)ی بەرزكردۆتەوە، خۆ ناشكرێت ئەم دەزگایە لەبیری نەمابێت یەكێتی لەساڵی 1991 لە ڕاگەیاندن و لەساڵی 1992یشەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، فیدراڵی چەسپاند، ئەگەر هەشبێ لەناو ئەم دەزگایە، لە راستیەكان بێئاگا بێ و ئەو كاتە لە ڕاگەیاندنی پارتی نەبووبێ، ئەوا داوایان لێدەكەین بۆ  ئەرشیفی تۆماركراوی پارتی بگەڕێنەوە، بزانن بەڕێز سەرۆكی پارتی لە دوا دوو رۆژی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 1992 لەكەلارو چەمچەماڵ چی وتووە سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی و فیدراڵ؟ ئەگەر ئەرشیفی تەلەفزیۆنیشیان دەستنەكەوت، با بۆ ئەرشیفی رۆژنامەی خەبات بگەڕێنەوە، هەتا راستیەكان لەسەر فیدرالڕو ئۆتۆنۆمیان بۆ دەربكەوێ! لێرەدا مژدە بە خەڵكی كوردستان دەدەینەوە، نەك هەر لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە هەر بەشێكی تری كوردستاندا، هەلی وا بێتە پێشەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆن لە چەسپاندنی فیدراڵدا پێشەنگ بوو، ئاوا لە قۆستنەوەی هەلی سەربەخۆیی كوردستانیشدا، بەدڵنیاییەوە، هیچ لایەك پێشی ناكەوێ. هەربۆیە، لەسەر هیچ سنورێكی دەستكردی بەشەكانی كوردستاندا.. خەندەقی لێكدابڕانی بەشەكانی كوردستانمان لێنەداوە؛ هەتا بتوانین هێزی پشتیوانی، لە ئانو كاتی خۆیدا، بەهانای بەشەكانی كوردستانەوە بنێرین، ساڵی (1982) ناردمان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان. ئارامگای شەهیدەكانمان لەسەر سنورەكانی كوردستان، بەڵگەی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی كوردستانیبونمانە، نەك خەندەق لێدان.
 6- سەبارەت بەوەی شەوی 23-4-2014 كەسێك وشەی نەشیاوی (سەرسەری) بەكارهێناوە، نازانین بۆچی دەزگای رۆشنبیری راگەیاندنی پارتی رادیۆكەو كەسەكەو (سەرسەری)یەكەی لە تەمومژدا بەجێهێشتووە، دەبوایە ناوی رادیۆكەو ناوی كەسەكەش بڵێن. لە كۆتایشدا وتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی پابەندبوونی حزبەكەیان بە ئیتیك و ئەخلاقی رۆژنامەگەری دووپات دەكاتەوە، دیارە وەكو  راگەیاندنێكی رەسمی كارێكی چاك دەكەن، چونكە یەكێتی لە یەكەم رۆژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە پەیڕەوی ئەم سیاسەتەی كردووە، كاتێكیش راگەیاندنی گۆڕان هەڵمەتی ناڕەوای دەستپێكرد، راگەیاندنی یەكێتی لە ڕۆژی (2-4-2014) دا ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە كە با هیچ كەس و لایەنێك كەشی هێمنی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێك نەدات. داواشمان وایە بە زمانی هەڕەشە قسە لەگەڵ یەكێتی نەكرێت، چونكە هەموو لایەك دەزانین هەڕەشە هەستی خەڵك بریندار و لۆژیك لاواز دەكات... و یەكێتیش لەو هێزانە نییە زمانی هەڕەشە بە سەریدا تێپەڕێت. بە ئومێدی رۆژانی ئارامترو ئازادتری هەڵمەتی هەڵبژاردن.

وتەبێژی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

PM:11:25:25/04/2014