ئاماری قوربانیانی 24 کاتژمێری رابردووی خۆپیشاندانەكانی عێراق ڕاگەیەندرا

تا دێت خوێنی زیاتر لە خۆپێشاندەران دەڕژێت و بەشێك لەوانەی داوای چاكسازی و دەسەڵاتێكی دادگەر دەكەن، ئاواتەكەیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە ژێر گڵ. كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت" لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٢ خۆپێشاندەر كوژراون و ٢٣٠ی کەسی تریش برینداربوون".

 

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عیراق  لە ئامارێكی نوێدا ئاشكرایكرد" لەماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا بەهۆی روبەڕوبوونەوەی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەگەڵ خۆپیشاندەران، ١٢ خۆپیشاندەر كوژراون و ٢٣٠ خۆپیشاندەری دیكەش برینداربوون، كە زۆرینەی قوربانییەكان لە شارەكانی بەغدا و زیقاڕ و بەسڕە بوون".

 

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە هەر لەو ماوەیەدا هێزە ئەمنییەكانی عیراق ٨٩ خۆپیشاندەریان دەستگیركردووە.

 

خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی باشوور لە یەكی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دەستی پێكردووە، سێ رۆژی تر چوار مانگ بەردەوامی دان بە خۆپێشاندان تەواو دەكات. لەم ماوەیەدا بەپێی ئامارەكان زیاتر لە ٥٠٠ خۆپێشاندەر بە گوللەی هێزە تەناهییەكان كوژراون و زیاتر لە ٢٥ هەزار خۆپێشاندەر بریندار بوون.

 

 

 
 
 
 


PM:04:50:27/01/2020