تەرمی ژنە پەنابەرێکی كورد لە توركیا دۆزرایەوە

تەرمی ژنێكی كورد كە لەبنەڕەتدا خەڵكی سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە وەك پەنابەر لە ئەنقەرە نیشتجێبو، دۆزرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانگاو ئاماژەی بەوەکردووە" ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ تەرمی ژنێکی پەنابەری خەڵکی سنە بە ناوی "چنوور یونسی" تەمەن ٣٧ ساڵ لە لێوارەکانی ئانتالیا دۆزراوەتەوە، ناوبراو دانیشتووی شاری ئانکارای پایتەختی تورکیا بووە".

لە ڕاگهەیەندراوەکەدا هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" هێشتا رونەبوەتەوە کە چنور خۆی کوشتوە یان لەلایەن کەس یان کەسانێکی دیکەوە کوژراوە. بەڵام یەکێک لە نزیكەكانی وتویەتی كە ئەگەری هەیە كوژرابێت".

ڕێکخراوەکە دەشڵێت" چنوور یونسی خاوەن بڕوانامەی ماستەری کۆمپیوتەر و کارگێڕی بووە و ماوەی سێ ساڵ بوو کە وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی تورکیا کردبوو و لە ژێر چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بووە، تەرمی ئەو ژنە دوێنێ چوارشەممە بە فڕۆکە گەڕێندراوەتەوە بۆ تاران".







PM:12:02:30/01/2020