" بۆ بەرگرتن لە هێرشی ئەمەریکا سووپای رووس لە کەنداوی فارسی جێگیر دەبێت "

بۆ بەرگرتن لە هێرش و هەژموونی ئەمەریکا لە ناوچەکەو بەتایبەتی کەنداوی فارسی، توێژەری دیاری ئێرانی محەمەد سادق حوسەینی ئاشکرای دەکات کە لە شوێنە هەستیارەکانی کەنداو سووپای رووسیا جێگیردەکرێت.

 
محەمەد سادق حوسەینی توێژەر و نووسەری دیاری ئێرانی و نزیک لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی " رووسیای قەیسەری نوێ لە کەندوای فارس نیشتەجێ دەبێت".

 
لەو پۆستەدا محمەد سادق حوسەینی نووسیوویەتی " لە زاری سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سووپای رووس بنکە ئاسمانی و دەریایەکانی دەهێنێتە کەنداوی فارسی، هەر لە فڕۆکەی  پێشکەوتوو، کەشتی ژێر دەریا تا کەشتی جەنگی".

 
حوسەینی دەڵێت " ئەو هێزانە لە دەربەندی بوشەهر و چابهار دادەمەزرێن بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەمەریکا".

 
ئەو نوسەرە نزیکەی دەسەڵاتی ئێران ئاشکرای دەکات کە ئەدمیراڵ حسێن خانزادی فەرماندەی دەریایی هێزە ئێرانییەکان لە بترۆس بۆرگ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ رووسەکان واژوو کردووە.

 
بەهۆی دەرچوونی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و ئێران، لەلایەن ئەمەریکاوەو سزاو هەڕەشەکانی ئەو زلهێزە جیهانییە لە دژی ئێران، دیارە ئێران پەنای بۆ ئەو چارەسەرە بردووە، بەمەش نفووسی روسیا لە کەنداویشدا هاوشێوەی سوریا بەهێزدەبێت.




PM:02:25:30/01/2020