هاتوچۆی هەڵەبجە داوای لە شۆفێران کردووە، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری هەورامان شۆفێران خێراییەکانیان کەمبکەنەوە و زنجیر بۆ تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاربهێنن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئاگاداری شۆفێران دەکەینەوە بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری هەورامان خێراییەکانیان کەم بکەنەوە و زۆر بە وریاییەوە مامەڵەبکەن".
ئاماژەبەوەشکراوە" داواکارین شۆفێران پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن، چونکە بەستنی رێگاوبانەکان دەبێتەهۆی دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ و دەبێت خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەم بکەنەوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو" داواکارین هاوڵاتییان و شۆفێران ئەگەر روویانکردە ناوچە شاخاوییەکان زنجیر بۆ تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاربهێنن و بۆکاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن".
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەشەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە و سەنتەری شارەکانیشی گرتووەتەوە.