ژمارەیەک هاوڵاتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکیەوە

لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە دوو سێ رۆژی رابردوودا چەند هاوڵاتییەكی كوردی هەرێم كە لە وڵاتی چین دەژین وگەڕاونەتەوە بۆ هەرێم، راگیراون و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە تا دڵنیا ببنەوە لەوە هەڵگری هیچ جۆرە ڤایرۆسێك نین.


د. نەورۆز عوسمان لێپرسراوی كۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەونیدا ئاشکرای کرد چەند هاوڵاتییەك كە لە چین دەژین، گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لەفڕۆكەخانەی سلێمانی راگیراون.


لێپرسراوی كۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی وتیشی: "ئەو هاوڵاتییانە لەبەشێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هێڵراونەتەوە تا بزانن دۆخی تەندروستییان چۆنە و گەر بزانن هیچ كێشەیەكی توندروستییان نییە، رێگەیان پێدەدرێت بچنەوە ناو خانەوادەیان".


بەوتەی د. نەورۆز، گەر ئەو هاوڵاتییانە تووشی هەر ڤایرۆس و نەخۆشییەكیش ببن، ئەوا دەیانهێڵنەوە لەشوێنی خۆیان و پشكنینی تەواوەتییان بۆ دەكرێت تا چارەسەر دەكرێن.



وتیشی: "شوێنێكی دابڕاو (عەزل) دانراوە و وەك ژووری عەمەلیات وایە، بەهەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ هەر پێشهاتێك سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ حااڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە گومانلێكراویش بێت".


AM:12:29:05/02/2020