ڕێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ڕاگەیەندرا


بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەو رێككارانەی ڕاگەیاند كە گرتویانەتە بەر بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان.

بێگەرد تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕایگەیاندووە" بەپشت بەستن بە زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوەکانی تەندروستی ئاژەڵی و رێکكارەکانی لیژنەی باڵای رێگری لە ڤایرۆسی کۆڤید-19 (کۆرۆنا) COVID-19 لە حکومەتی هەرێم، پەیوەستن بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم ژورێکی تایبەتمان پێکهێنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری".
 
دەشڵێت" دوێنێ پێنج شەممە و ئەمڕۆ هەینی لیژنەکە کۆبونەوەیان ئەنجامدا، تیایدا چەند رێگایەک گیراوەتەبەر".

لەبارەی رێگەكانەوە نوسیویەتی" قەدەغەکردنی زیندەوەری ئاوی و باڵندەو ئاژەڵی جوانی لەو وڵاتانەی بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 (کۆرۆنا) COVID-19 سەریهەڵداوە لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران. هەڵمەتی رشاندنی هۆڵەکانی ئاژەڵ و ئەو شوێنانەی ئاژەڵ و باڵندەی تیایدا دەفرۆشێت".

بێگەرد تاڵەبانی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە" ئاگادارکردنەوەی نۆرینگە و شوێنەکانی کەرتی تایبەت کە مامەڵە بە باڵندەو ئاژەڵی جوانی دەکەن بە رشاندنی شوێنەکانیان. پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری پارێزگاکان، یەکە ئیداریەکان و فەرمانگاکانی تەندروستی، ژینگەو لایەنە پەیوەندارەکان تایبەت بەم ڤایرۆسە".

بەپێی نوسینەکەی بێگەرد تاڵەبانی ڕێکارێکی دیکەش" رۆژانە بەدواداچونی ورد بکرێت بۆ زانینی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتان بۆ گرتنەبەری رێکكاری قەدەغەکردنی هاوردەی ئاژەڵ و باڵندە بەو وڵاتانە. هەروەها ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری هاوڵاتیان پەیوەندیدار بە ڤێتێرنەری".

PM:07:57:21/02/2020