ده‌وامى خوێندنگاكان له‌ سلێمانى راگیرا

ئه‌مڕۆ سێشەممە ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بڕیاریدا بۆ رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى كۆرۆنا، له‌ سبه‌ینێوه‌ ده‌وامى خوێندنگاكان رابگیرێت تاوه‌كو پاش پشووى جه‌ژنى نه‌ورۆز.

 

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەنگی ١٤ بەڵی و ١١ نەخێری ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ماوەی ٢٨ رۆژ پشووی فەرمی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن راگەیاند.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" پشووەکە لە سبەی چوارشەممەوە تا ٢٨ رۆژی داهاتوو دەبێت".

 

راگرتنى ده‌وامى خوێندنگاكان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى بۆ رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى كۆرۆنا پاش ئه‌وه‌دێت، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا تۆماركردنى چوار حاڵه‌تى تووشبوون به‌ كۆرۆناى له‌ پارێزگاى كه‌ركوك راگه‌یاند و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد" خێزانێك له‌ كه‌ركوك كه‌ به‌ سه‌ردانێك چوونه‌ته‌ ئێران و پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان پشكنینیان بۆ كراوه‌، هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان".

 

هاوکات ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاری راگرتنی دەوامیدا.

 
 
 
 


PM:02:26:25/02/2020