لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی (24) كاتژمێر لە ئەركدان

قائیمقامی سلێمانی، فەرمانی بە لیژنە هاوبەشەكان كردوە بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بكەن و لە كاتی هەبوونی سەرپێچیدا شوێنەكە و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی بكەنەوە‌.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەكان بە هاوكاری لیژنەكانی چاودێری بازرگانی و تەندروستی و ئاسایشی ئابووری، كە ئێستا لە (87) لیژنەپێكهاتون و بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانی كافتریا، چایخانە، چێشتخانە، ڕێستۆرانت و هەموو ئەو شوێنەگشتییانەی خواردن و خواردنەوە پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكەن و لە كاتی هەبوونی كەموكورتی و سەرپێچیدا شوێنەكە‌ دابخەن و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكەنەوە".

ڕاشیگەیاندووە" پێشتر لیژنەهاوبەشەكان لە كاتژمێر(4)ی بەیانییەوە تا درەنگانێكی شەو لەئەركدابوون، بەڵام ئێستا بەهۆی مەترسی لە هەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا لیژنەكان (24) كاتژمێر لە ئەركدان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە" خشتەی كاركردنی لیژنەكانی قائیمقامیەت بەجۆرێك دارێژراوە، هەمو گەڕەك و بازاڕ و شوێنەگشتییەكان دەگرێتەوە و ڕۆژانە سەردانیان دەكرێت، ڕێنمایی خۆپارێزی پێشكەش بە شوێنەكان دەكرێت و لەكاتی هەبوونی سەرپێچیكردن لە ڕێنماییەكانی ژووری خۆپارێزی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی، شوێنەكە دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە".

سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داواشی لە هاووڵاتیان كرد لەكاتی بوونی سكاڵا یان گەیاندنی زانیاری، دەتوانن لەڕێی ژمارەی (07708677777) یان لاپەڕەی فەرمی (قائیمقامیەتی سلێمانی)‌ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە بكەن.

بەمەبەستی خۆپارێزی لەنەخۆشی كۆرۆنا، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدراەكانەوە بڕیار دراوە لە كافتریا و ئەو شوێنانەی تێیدا دەكێشرێت نێرگەلە قەدەغە بكرێت، ڕاگرتنی ئاهەنگ و لایڤ میوزیك‌، بەكارهێنانی پێداویستی (قاپ، كەوچك، پیاڵە و پەرداخ)سەفەری لەسەرجەم شوێنە گشتییەكاندا و داخستنی سەرجەم هۆڵەكانی لەشجوانی و مەلەوانگەكان و گەیم سەنتەرەكان بۆ كاتێكی نادیار.

PM:09:06:04/03/2020