وەزارەتی تەندروستی: دوو ئەندامی تری خێزانی مامۆستا ئاینییەكە توشی كۆرۆنا بوون

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌ی ژماره‌ حه‌وتیدا، كه‌ كه‌مێك پێش ئێستا ده‌ریكرد، رایگه‌یاند" کە دوو حاڵه‌تی دیكه‌ی تووشبوو به‌ كۆرۆنا له‌ سلێمانی تۆمار كراون".

 

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی راشیگه‌یاند" ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و هاووڵاتیه‌ن، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد".

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌

بەیاننامەی وەزارەتی تەندروستی

ژمارە (7)

لە درێژەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19، هەڵمەتی پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19

دوای ڕاگەیاندنی ژمارەی تووشبوانی هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێکی کوردستان لە ئێستادا باری تەندروستیان جێگێرە و لەژێر چاودێری پزیشکی دان،  وە لەمیانی بەردەوامی بەرنامەی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو، ئەمڕۆ پشکنین بۆ (45) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا (3) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو کە هەڵگری فایرۆسی کۆڕۆنای نوێ  COVID-19 ەن کە  بەداخەوە نەخۆشێکیان تەمەن ساڵ 63 گیانی لەدەستدا وە دوای پشکنین بۆ سەرجەم ئەندامانی خانەوادەکە دەرکەوت دوو ئەندامی هەمان خانەوادەی خوالێخۆش بوو هەڵگری هەمان ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ  COVID-19کە تەمانیان 31 ساڵ و 27 ساڵە. بەمەش لە کاتی ئێستادا کۆی گشتی هەڵگرانی فایرۆسانی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 بریتیە لە (٨) حالەت وە نێویاندا (1) مردن.

ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە کەرەنتینەکانن (2586) هاوڵاتین لە 27 شوێنی جیاواز لە شارەکانی هەولێر (1214)، سلێمانی (561)، دهۆك (382)، هەلەبجە (103)، گەرمیان (176)، ڕاپەڕین (138)،  کۆیە (12)  وە تیمە تەندروستیەکان چاودێریان دەکەن بۆ چارەسەری پێویست لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی نەخۆشی و گومانلێکردن.

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوەخۆ و ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی تیمەكانی تەندروستی بن بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێكراوێك و گەشتیارێك كە دوورن لە چاوی تیمەكانی تەندروستی و هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە كاری پێویست بۆ ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێكراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەریەكانى نەخوَشەكان.

 وەزارەتی تەندروستی    .       

حکومەتی هەرێمی کوردستان

4ی ئازاری2020



AM:12:14:05/03/2020