هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەروەردە لەسەر چەند پرسێکی هاوبەش رێککەوتن

لە كۆبوونەوەی نێوان وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە بڕیار لەسەر چەند پرسێكی هاوبەشی نێوان هەردولا درا، هه‌روه‌ها رێكه‌وتن کورسی تایبەت بۆ خولی داهاتووی ماستەرو دكتۆرا لەلایەن خوێندنی باڵاوە دادەنرێت.

 
لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە كۆبونەوەی هاوبەشی نێوان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وخوێندنی باڵا بە بەشداری وه‌زیری هه‌ردوو وه‌زاره‌ت و بریكاری وەزارەت و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێكی گرنگ لەبارەی بابەتە هاوبەشەكانی نێوان هه‌ردوولایان دراوه‌، كه‌ بریتین له‌: 


1- بەمەبەستی ئەنجامدانی بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی خوێندن لە ناوەندەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، هەردو وەزارەت ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆ خولی داهاتوی ڕاگەیاندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان، مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە كورسی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا تایبەت بە خۆیان بۆ دیاری بكرێت بەشێوازی گشتی و پارالێل و نەچنە كێبڕكێەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای پێداویستی وەزارەتی پەروەردەو توانای وەرگرتنی زانكۆكان دەبێت. 


2- بڕیاردرا بەگوێرەی توانا بۆ تاقیكردنەوەی گشتی قۆناخی ١٢ی ئامادەیی سود لە هۆڵەكانی زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت. 


3- بڕیاردرا كۆنفرانسێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدرێت سەبارەت بە چەند پرسێك. 


4- وەزارەتی پەروەردە لیستی ئەو مامۆستایانە ئامادە دەكات كە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەیانەوێت درێژە بە خوێندنی بەكالۆریۆس بدەن لە كۆلێژە بنەڕەتییەكان و دواتر بەگوێرەی ڕێنمایی ئەم بابەتە ڕێكدەخرێت. 


5- بڕیاردرا كە بەشێوازێكی دەوری لەسەر ئەو پرسانەی كە هاوبەشن لەنێوان هەردو وەزارەت كۆبونەوەكان بەردەوامیان هەبێت.

 


PM:07:05:10/03/2020