ئایه‌توڵایه‌كی ئێران گیانی له‌ده‌ستدا

مردنی بەرپرسەکانی ئێران بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەردەوامە و ئەمڕۆش ئەندامێكی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بەھۆی توشبوون بە ڤایرۆسی  كۆرۆنا لە شاری قوم گیانی لەدەستدا.

 

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێران پشت به‌ستن به‌ پێگەی فەرمی ئەنجومەنی شارەزایانی وڵاته‌كه‌ی، بڵاویكرده‌وه‌" كه‌ بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئایەتوڵا هاشم بەتحائی گولپایه‌گانی، نوێنه‌ری پارێزگای تاران لە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە شاری قوم گیانی لەدەستداوە".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌" كه‌ گولپایه‌گانی دوو رۆژ پێشتر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەیانی ئەمڕۆ لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شه‌هید به‌هه‌شتی قوم گیانی لەدەستداوە".

 

بەپێی دواین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە ١٣ ھەزار و ٩٣٨ كەس و تا ئێستا ٧٢٤ كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە تابێت رێژەکە زیاتریش دەکات.

 
 

 

 

 


PM:12:40:16/03/2020