"دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵوێستی خۆی لەسەر دەستور دیاریبكات"

‌یەکێتی پرسی دەستور دەجوڵێنێت
پەرلەمانتاری یەكێتی سالار مەحمود رایگەیاند " دەبێت لەم هەفتەیەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان پرسی دەستور یەكلایبكاتەوە".
لەلێدوانێكی تایبەت بۆ سپی میدیا، سالار مەحمود رایگەیاند بەپێی ئەو رێككەوتنەی پێشتر لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتیدا هەبوو، هەروەها یەكێك لەدروشمە سەرەكییەكانی گۆڕان پرسی دەستور بوو" ئێمە لەم هەفتەیەدا پرسی دەستور لەپەرلەمان دەخەینەوە بەرباس‌و دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵوێستی خۆی یەكلایبكاتەوە‌و پێویستە بڕیار لەسەر هەمواركردنەوەی بدرێت". 
سالار مەحمود، بۆ چۆنێتی هەمواركردنەوەی دەستور پێشنیار دەكات لیژنەیەك لە فراكسیۆنەكان‌و كەسانی پسۆر، هاوكات  دەتوانرێت نوێنەری حیزبەكانیش بەشداربن تیایدا.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئێستا ئەو حكومەتە بنكە فراوانەی هەموو لایەك ئاماژەی بۆ دەكات، بەرنامەی نییە، ئەو دەمە كە دەستور هەمواركرایەوە دەكرێت ببێتە بەرنامەی ئەو حكومەتە.
پاش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەرۆژی 29-4 بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، بەبێ‌ یەكێتی، ئەمرۆ پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی دەكات لەژێر سەرپەرشتی دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان كە سەرۆكەكەی (د. یوسف محەمەد سادق)ە لەگۆڕان‌و پێدەچێت دانیشتنێكی هەروا ئاسان نەبێت.
لەلایەكی ترەوە ئەندامی پەرلەمانتارێكی تری یەكێتی، گۆڕان ئازاد باسی ئەوەی كرد كە كۆبوونەوەكانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمان ناتوانێت حكومەت ( تەسمیە ) بكات، چونكە سەرەتا دەبێت پەرلەمان لیژنەكان پێكبهێنێت. 
ئەو پێیوایە گرفتی تری پرسی تەسمیەكردنی حكومەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە یاسا كۆنەكە سەرۆك‌و جێگر بەیەكەوە تەكلیف دەكرێت، "لەم حاڵەتەدا یان دەبێت بەو یاسا كۆنە كاربكرێت، یان دەبێت یاساكە هەموار بكرێتەوە، هەربۆیە تەسمیەكردنی حكومەت لەمرۆدا ناكرێت". 
بەپێی زانیارییەكانی سپی بزووتنەوەی گۆڕانیش مەسەلەی گرتن‌و ئازاردانی كادیرەكانی لە سلێمانی لە كێشەی كارگەی ئەلبیسەكە  لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەخاتە بەر باس كە رووی یەكێتی دەگرێتەوە.    



AM:09:46:04/05/2014