وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی خوێندنی ئەمساڵەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند" چەند بژاردەیەک هەن بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ".

 

ئەمڕۆ یەكشەممە وەەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" بەسەرپەرشتی ئارام محەمەد قادر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبونەوەی ژمارە (3)ی ئەنجومەنی وەزارەت بەڕێوەچو، كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان، كۆبونەوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا".

لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا كە بریكاری وەزارەت و سەرۆك زانكۆكانی كوردستان و ئەندامانی دیكەی ئەنجومەن تێیدا بەشداربون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای كۆڕۆنای نوێ (COVID-19) كردو تیشكی خستە سەر دواین گۆڕانكاریەكان بۆ بەڕەنگاربونەوەی ڤایرۆسەكە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكان كە كۆی هەوڵەكان بە پرۆسەیەكی سەركەوتو و ئیجابی هەڵسەنگێنرا.

 
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی زانستی ورد دەربارەی پلان و بژاردەكانی بەردەم زانكۆ و دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامدرا سەبارەت بە بەردەوامبونی پرۆسەی خوێندن لە حاڵەتی درێژكردنەوەی پشوەكان بەهۆی ڕێككارە خۆپارێزیەكانی تایبەت بە ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنای نوێ، هەروەها بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین و بەكارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانەی كە لە ئێستادا لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە كاری بۆ دەكرێت  تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بون.

لەم كۆبونەوەیەدا هەریەك لە بریكاری وەزارەت و سەرۆك زانكۆكان و ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی سەرنج و تیبینیەكانی خۆیان پێشكەش كرد و پلان و پیشنیاری پێویست بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن گەڵالە كرا. هەر لە كۆبونەكەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە كۆی دەنگ بریاریان دا كە هەمو توانا مرۆیی و لۆجیستییەكانی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا بەكار دەهێنرێت بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ.

هەروەها لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆناو ڕەچاوكردنی دۆخی تەندروستی و پابەندبون بە ڕێنماییەكان لە داهاتودا بڕیاری پێویست لەبارەی میكانیزمی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی دەداتە قوتابیان و خوێندكاران كە بژاردەی گونجاو لەبەر دەستن بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ، تا دەگاتە پەیرەوكردنی شێواز و سیستمی ئۆنلاین كە یەكێكە لەو بژاردانەو داوا لە زانكۆكان كرا لەڕوی لۆجیستی و تەكنیكییەوە ئامادەكاری پێویستی بۆ بكەن.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت كۆك بون لەسەر ئەو پرەنسیپەی كە سەرەڕای گرفت و ئاڵنگارییەكان، زانكۆكانی كوردستان لە توانایاندایە پە پشتیوانی تەواوی خوێندكاران و قوتابیان بن بۆ ئەوەی هەمو پێكەوە كار بكەین بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمەكەمان.




PM:11:33:22/03/2020