گۆڕان بۆ مەلابەختیار کەس ناتوانێت بۆمان دیاریبكات كێ دەكەین بەپارێزگار‌

‌هەڤاڵ ئەبوبەکر
بەرپرسی ژووری پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستی بزووتنەوەکەیانە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و بە شێوەیەكی دیموكراسیانە دەنگی هێناوە، هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی بۆی نییە ئەوە بۆ ئێمە دیاری بكات كە كێ كاندید بكەین بۆ پارێزگاری سلێمانی.

محەمەد حاجی، بەرپرسی ژووری پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان به‌ سایتی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاندوه‌: "دیارە كە پۆستی پارێزگار لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا بە دەنگی جەماوەر دیاری دەكرێت و ئێمەش وەك بزووتنەوەی گۆران د. هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و بە شێوەیەكی دیموكراسیانە دەنگی هێناوە لەبەر ئەوە هیچ هێز و لایەنێكی تر بۆی نییە ئەوە بۆ ئێمە دیاری بكات كە كێ كاندید بكەین بۆ پارێزگاری سلێمانی، ئەوە مافی لایەنەكانی دیكە و مافی یەكێتیی نیشتیمانییش نییە كە ئەو بڕیارانە بدەن كە كێ شایەنی ئەو پۆستەیە و كێ شایەنی نییە".

پێشتر له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان دەکات و دەڵێت، یەکێتی ئامادە نییە هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگار قبوڵبکات.

مەلا بەختیار دەڵێت: "دژایەتی ئێمه‌ بۆ کاندیدەکەی گۆڕان لەبەر ئەوە نییە یەکێتی بە نیسبەتێکی کەم دابەزیوە و ئەوان پارێزگار دەبەن، بەڵکو لەبەرهەیبەتی سلێمانییە و ناهێڵین کۆنە بەعسییەک ببێتە پارێزگار".

ئه‌مه‌ش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر کاندیدی گۆڕان کە نزیکەی 250 هەزار دەنگی هێناوە بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە سلێمانی.



PM:03:55:04/05/2014