قائیمقامی سلێمانی رێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ توند دەکەنەوە

قائیمقامی سلێمانی لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانی وەزیری ناوخۆی هەرێم، رێوشوێنەکانی قەدەغەی هاتوچۆ توندتر دەکەنەوە.

لەراگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی کەئەمشەو دەریکرد هاتووە " بەھۆی ھەستیاری دۆخەکەو زیادبونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان ، لەبەر رۆشنایی بڕیارەنوێکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ تەواو  توندتر دەکرێنەوەو بەھیچ ھۆکارێک رێگە بەھاتووچۆی ئوتومبێل و پیادەڕەو نادرێت".

هەروەها هاتووە " ھێزە ئەمنییەکان راسپێردراون لەم رووە لێپرسینەوەی تەواو لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە پابەند نابن ، بەھەموو لایەکی رادەگەیەنین  بڕیارەکانی حکومەتی ھەرێم لە سبەینێ وە جێبەجێ دەکرێن و بەھۆی مەترسی بڵاوبوەنەوەو تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر رێگە بەھیچ جۆرە جموجوڵێک نادرێت". 

قائیمقامەیەتی سلێمانی داوا لە ھاوڵاتیانی سلێمانی دەکات  بۆ سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان و تەندروستی گشتی لە ماڵەکانیان نەیەنەدەر و بەتەواوی پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن.

 


PM:11:48:03/04/2020